بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی میسری لە وتووێژێکدا بە ڕۆژنامەی قەتەری العربی الجدید ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە قاهیرە لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکا سیاسەتی لە بەرامبەر بزوتنەوەی حەماس دەگۆڕێت و ئەمەش بۆ هەوڵەکانی ئەم دواییەی میسر بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بەردەوامیی لە کەرتی غەززە دەگەڕێتەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە کە ئیدارەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا داوای لە حکومەتی میسر کردووە کە ئاستی دەستڕۆیشتوویی حەماس لە کەرتی غەززە کەم بکاتەوە و ئامادەکاری بۆ ڕۆڵی زیاتری دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوە میدیاییەکانی میسریش ڕایانگەیاندووە چەندین ڕێوشوێنی تایبەت وەک ڕێگری لە ستایشکردنی چالاکییەکانی خۆڕاگری فەڵەستین و هەوڵێستەکانی ئەو گرووپانە، گرنگیدان بە هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دەستپێشخەری میسر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەدا گیراوەتەبەر.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە ڕێوشوێنەکان دژی داواکارییەکەی بزوتنەوەی حەماسە بۆ ڕۆڵی زیاتر لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بۆردومانکراوەکانی شەڕەکەی ئەم دواییە و چاودێریکردنی ئەو پارە و هاوکارییەیە کە بەم مەبەستە بۆ غەززە دابین کراوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم ڕێوشوێنە پەیوەندیدارانەی بە بزوتنەوەی حەماسەوە بە هۆی ڕێکەوتنێکی تایبەتی نێوان قاهیرە و واشنتنە. بە پێی ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ماوەی 4 ڕۆژدا بە تەلەفوون دوو جار وتووێژی لە گەڵ سەرۆک کۆماری میسر کردووە، گومانەکان لە سەر ئەم ڕێکەوتنە زیاتر بووە.
لەم چوارچێوەدا، چەند سەرچاوەیەکی تایبەت ئەوەیان بە العربی الجدید ڕاگەیاندووە کە میسر هەوڵ دەدات لە نێوان پەیوەندییەکانی لە گەڵ حەماس و گوشارەکانی ئەمریکا هاوسەنگییەک دابین بکات.
سەرچاوەکان ئەگەری ئەوەیان خستووەتەڕوو کە میسر لە داهاتوودا درێژە بە پاراستنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ بزتنەوەی حەماس دەدات و بڕیارە چەندین هاوکاری وەک هاتووچۆی سەرکردەکانی حەماس و ئەندامەکانی ئەوان و مانەوەیان لە میسر پێشکەش بەم بزوتنەوەیە بکات. هاوکات لە ڕووی گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانیش هاوکارییەکان بەردەوام دەبێت بەڵام لە بەرامبەر ئاستی ڕووماڵکردنیان لە لایەن بزوتنەوەی حەماسەوە./.