بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسرووڵا ئەمینداری گشتی حیزبووڵای لوبنان لە وتارێکدا بە بۆنەی ساڵۆگەڕی ئازادی باشوری لوبنان و جەژنی سەرکەوتنی خۆڕاگری، وتی: سەرکردەی بزوتنەوەکانی خۆڕاگری فەڵەستین و فەرماندەکانی باڵە سەربازییەکانیان لە شەڕی ئەمجارەی غەززە شکۆمەندانە قارەمانیەتی خۆیان پیشاندا.
ناوبراو سەبارەت بە ساڵۆگەڕی ئازادی باشوری لوبنان وتی: سەرکەوتنەکەی 2000 لە لایەن گەل و خۆڕاگری لوبنانەوە مسۆگەر بوو و ئەنجامی گیانفیدایی بزوتنەوەکان و حیزبە نیشتمانییەکان بوو.
سەید حەسەن نەسرووڵا جەختیکردەوە کە ئازادکردنی لوبنان لە ساڵی 2000 بناغەی سەرکەوتنەکانی دیکەی دانا و لەو کاتەدا خۆڕاگری لوبنان سەرکەوتنەکەی پێشکەش بە فەڵەستین کرد لە بەر ئەوەی کە ئامانجی ڕاستەقینە ئەوێ بوو.
ناوبراو وتی: سەرکەوتنی لوبنان لە ساڵی 2000 دۆست و دوژمن و پرسی فەڵەستین و ڕەوتی شەڕەکانی خستە ڕێگایەکی ستراتیژی جیاوازەوە.
سەید حەسەن نەسرووڵا هەروەها وتی: هۆکاری شەڕەکەی ئەم دواییەی غەززە هەڵەی سەرکردەکانی دوژمن و لێکدانەوەکانی ئەوان بووە. کاتێک هەڕەشە لە سەر قودس بێت سەرکردەکانی خۆڕاگری هەڵوێستی مێژوویی و نوێ و گرنگیان لە خۆیان پیشاندا.
ئەمینداری گشتی حیزبووڵا وتی: خوێندنەوەی دوژمن ئەوە بوو کە کاردانەوەی خۆڕاگری لە بەرامبەر پرۆژەی بەجولەکەکردنی قودس تەنیا لە ئاستی دەرکردنی بەیاننامەیەک دەبێت.
وتیشی: ئەوەی کە لە غەززەدا بینرا هەنگاوێکی مێژوویی پێشکەوتوو لە مێژووی شەڕ و پێکدادانەکانە لە گەڵ دوژمن کە زۆر گرنگ و پڕبایەخە. غەززە لە بڕیارەکەی بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی لە وەڵامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە قودس، دۆست و دوژمنی تووشی سەرسوڕمان کرد. گرنگترین هەڵەی دوژمن ئەوە بوو کە لەو بڕوایەدا نەبوو لە غەززەوە وانەیەک بەم جۆرە وەربگرێت.
سەید حەسەن نەسرووڵا وتی کە شەڕەکەی ئەم دواییەی وای لە زایۆنیستەکان کردووە کە پێداچوونەوە بە سەر سیاسەتەکانیاندا بکەن.
ناوبراو وتی: خۆڕاگری غەززە هاوکێشەیەکی نوێی دابین کردووە و ئەویش مزگەوتی ئەقسا و قودسە لە بەرامبەر خۆڕاگری چەکدارانە.
ئەمینداری گشتی حیزبووڵای لوبنان هەروەها هاوکێشەیەکی نوێی بۆ شەڕی داهاتووی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی خستەڕوو و وتی: ئەو هاوکێشەیە کە دەبێت پێی بگەین بە واتای شەڕێکی ناوچەییە کە دەگاتە لەناوچوونی ئیسرائیل. کاتێک کە ئیسرائیل ڕوبەڕوی ئەم هاوکێشەیە ببێتەوە دەزانێت کە هەر هەنگاوێک دەگاتە لەناوبردنی./.