بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لە گەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە پەکین پاڵپشتی لە داواکارییە ڕەواکانی ئێران لە ڕێکەوتنی ناوەکی دەکات و ئامادەی پتەوکردنی هاوکارییەکانە لە گەڵ تاران و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەر دوو وڵات.
سەرۆک کۆماری چین وتی: هەر دوو وڵاتی ئێران و چین لە گەڵ یەکتر و بە هاوکاری هاوبەش، ڕوبەڕوی پەتای کۆرۆنا بوونەتەوە و گەیشتنە ئەنجامی زۆر گرنگی زانستیش و بە دڵنیاییەوە کە لە بوارە جیاجیاکانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە پاڵپشتی لە یەکتر دەکەن.
شی جین پینگ بە ئاماژە بەوەی کە ئەمساڵ پەنجایەمین ساڵۆگەڕی دەستپێکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان چین و ئێرانە، وتی: پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە ئێستادا لە قۆناغێکی گرنگی مێژووییدایە تا بتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە دەسکەوتەکانی ڕابردوو، داهاتوو مسۆگەر بکات./.