بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی شوشتەری ڕۆژی سێ شەممە لە کۆنفرانسی دەرفەتە ئابوری و بازرگانییەکانی ناوچەی تایبەتی ئابوری بانە، وتی: حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی سیاسی، ئابوری و بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق پلانی هەیە و عێراق لە پاش چین بە یەکێک لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران هەژمار دەکرێت و ئێمە هەوڵی بەرفراوانترکردنی ئەم پەیوەندییانەش دەدەین.
ناوبراو وتی: وڵاتی عێراق بە هەبوونی یەک هەزار و 450 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش بە دووەم هاوبەشی بازرگانی ئێران هەژمار دەکرێت و بەردەوام هەوڵی زیاترکردنی هاوکارییەکان و بەرفراوانترکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانمان لە گەڵ ئەم وڵاتە داوە کە گەشەی ناوچەکەی بە دواوە دەبێت.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی وتی: هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتمەندییەکانی خۆی و ئەو پەیوەندییەی کە لە گەڵ کوردستانی ئێراندا هەیەتی و هەروەها هەبوونی 700 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش و 7 خاڵی سنوری هاوبەش، پشکی بەرچاوی لە هەناردە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا هەیە.
شوشتەری وتی: سنورەکانی کوردستان چالاکترین سنورەکانی ئێرانن و خاڵی سنوری سەیرانبەندی بانەش بە فەرمیبوونی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە خاڵێکی سنوری چالاک و هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پێناو زیاتربوونی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا گرنگی بەم خاڵە سنورییە بدات./.