بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئێران و ئاژانس تا 24 ی حوزەیران درێژ کراوەتەوە.
ناوبراو لە سەر درێژکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنە وتی: ئەمڕۆ وتووێژێکی تەواوم لە گەڵ عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران هەبوو و لە سەر دوو بابەت گەیشتینە ڕێکەوتن.
گروسی لە شرۆڤەی ئەو دوو بابەتەدا وتی: ئەم ڕێکەوتنە پەیوەندی بە لێکتێگەیشتنی دووقۆڵی کاتییەوە هەیە کە لە مانگی شوبات لە تاران لە سەری ڕێکەوتین. یەکەم: ئەو زانیارییانەی کە لە ڕێگای کەرەستە تەکنیکییەکانی ئێمەوە لە شوێنە جیاجیاکانی تاران کۆدەکرێتەوە، بەردەوام دەمێنێتەوە. دووەم: چالاکییەکانی تایبەت بە پشتڕاستکردنەوەی ڕاستییەکان و چاودێرییەکان کە لە سەری ڕێکەوتین، لە ئێستاوە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت و بە پێی ڕێکەوتنی نوێ تا 24 ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی وتی: ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنە لە مانگی شوبات گرنگیی هەبوو، ئێستا دەتوانم بڵێم کە گرنگییەکەی لە هەر کاتێکی دیکە زیاترە، لە بەر ئەوەی کە لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا گۆڕانکاری لە چالاکییەکانی ئێراندا کراوە.
وتیشی کە زانیاری کامێراکان تا یەک مانگی داهاتوو ڕادەستی ئاژانس دەکرێت./.