بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە گەڵ سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا کە بە ئامادەبوونی چەندین سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و ئەحمەد عەقیل باڵیۆزی فەڵەستین لە بەغدا بەڕێوەچوو، ڕیاز مالیکی وەزیری دەرەوەی فەڵەستین وردەکاری گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستیی شرۆڤە کرد و ستایشی ڕۆڵی عێراقیشی کرد لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین.
هەر لەو کۆبوونەوەدا سەید عەمار حەکیم جەختیکردەوە کە دۆسیەی فەڵەستین بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابێت و بەردەوام وەک دۆسیەی یەکەمی جیهانی ئیسلام دەمێنێتەوە.
ناوبراو وتی کە دەسکەوتی سەرکەوتنەکەی ئەم دواییە پێویستە بکرێتە بنەمای یەکڕیزی لایەنەکانی فەڵەستین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و بەهێزبوونی بەرەی ناوخۆیی فەڵەستین باشترین ستراتیژ و یەکەمایەتی سەرجەم لایەنەکانە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق وتی کە دۆسیەی فەڵەستین بەردەوام لە ویژدانی عەرەبی و ئیسلامی و مرۆڤیدا زیندووە./.