بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەیەکی هاوبەش لە لایەن ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار پیشان دەدات کە بە هۆی زیاتربوونی کاتژمێرەکانی کارەوە، ساڵانە سەدان هەزار کرێکار لە جیهاندا گیان لە دەست دەدەن.
ئەنجامی ئەو توێژینەوە پیشان دەدات کە لە ساڵی 2016 نزیکەی 750 هەزار کەس بە هۆی جرڵتەی دڵ و نەخۆشییەکانی دڵ و کاریگەری زیاتربوونی کاتژمێرەکانی کارەوە گیانی خۆیان لە دەست داوە کە بەراورد بە ساڵی 2000 لە سەدا 29 زیادی کردووە.
توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی 2016، 488 ملیۆن کەس مەترسی کاریگەری زیاتربوونی کاتژمێرەکانی کاریان لە سەر بووە و ئەمەش بەو مانایە دەبێت کە ئەوان لە هەفتەدا زیاتر لە 55 کاتژمێر کاریان کردووە.
لەو توێژینەوەدا هاتووە کە بە هۆی ئەو 55 کاتژمێر کاری هەفتانەوە لە ساڵی 2016، 398 هەزار کەس لە ئاکامی جەڵتەی دڵ و 347 هەزاریش بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە گیانی خۆیان لە دەست داوە.
بە گشتی لە ساڵی 2000 تا 2016 ڕێژەی مردن بە هۆی زیاتربوونی کاتژمێرەکانی کارەوە لە ئاکامی نەخۆشییەکانی دڵ لە سەدا 42 و بە هۆی جەڵتەی دڵەوە لە سەدا 19 زیادی کردووە.
زیاترینی ئەوانەش کە گیانی خۆیان لە دەست داوە، ئەوانە بوون کە لە نێوان 60 تا 79 ساڵ تەمەنیان هەبووە و لە نێوان 45 تا 74 ساڵی زیاترین کاتژمێر کاریان کردووە.
توێژینەوەکە دەڵێت کە ئەوانەی لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 55 کاتژمێر کار دەکەن، لە سەدا 35 زیاتر ڕوبەڕوی مەترسییەکانی جەڵتەی دڵ و هەروەها لە سەدا 17 ڕوبەڕوی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ دەبنەوە.
ئەڵبەت بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا شێوازی کارکردنی لە سەرتاسەری جیهان بەرەو گۆڕانکاری بردووە و لە ئێستادا دوورکاری بووەتە نموونەیەکی قبووڵکراوی کارکردن لە جیهان.
ڕاشیگەیاندووە کە هیچ پیشە و کارێک وەک گیانی مرۆڤەکان بایەخی نییە و حکومەت و خاوەن کارەکان دەبێت لە گەڵ کرێکارەکان بگەنە ڕێکەوتن پارێزەری لە گیانی ئەوان بکەن./.