بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەشەی نەرێنی سێهەم ئابوری بەهێزی جیهان وەک چۆن کە پێشتریش چاوەڕوان دەکرا دەستیپێکردووەتەوە و پاش دوو وەرزی بەردەوامی گەشەی ئەرێنی، گەیشتووەتە لە سەدا 5.1 ی نەرێنی. ئەم گەشەش کە لە سەدا 0.2 کەمتر لە ڕێژەی پێشبینیکراوی پێشووە لە لایەن شارەزایانەوە و لە سەدا 7.4 کەمترە لە گەشەی ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە هەر هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی خەرجییەکانی حکومەت بە ڕێژەی لە سەدا 6.9 دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە کە ژاپۆن کەمترین زیانی لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە نێو ئابورییە پێشکەوتووەکان بەرکەوتووە و نزیکەی 714 هەزار لە خەڵکی ئەو وڵاتە تووشی پەتاکە بوون، حکومەت قەدەغە و سنوردارکردنی هاتووچۆ و چالاکییەکانی لە بەشێکی زۆری ئەم وڵاتە پاراستووە. زیاتر لە 12 هەزار ژاپۆنی تا ئێستا بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە. ژاپۆن لە نێوان وڵاتانی خاوەن پیشەسازی دۆخێکی باشی لە بواری بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا نییە و تەنیا لە سەدا 4 ی دانیشتووانەکەی هەر دوو ژەمە ڤاکسێنەکەیان وەرگرتووە.
ئابوری ژاپۆن لە ساڵی 2020 بە ڕێژەی لە سەدا 4.7 بچووک بووە کە بە یەکەم گەشەی نەرێنیی لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوو هەژمار دەکرێت.
بەڵام بازرگانی ژاپۆن لەم ماوەیەدا باشتر بووە و هەناردە بە ڕێژەی لە سەدا 1.5 و هاوردە بە ڕێژەی لە سەدا 1.8 زیادی کردووە.
بانکی ناوەندی ژاپۆن لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا بە گشتی 22 ترلیۆن دراوی نیشتمانیی خستووەتە بازاڕەوە تا لە کاریگەرییە ئابورییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کەم بکاتەوە./.