بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێستا ئەم بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەی کە کەس نەتوانێت وەک ڕابردوو درێژە بە گەشبینی خۆی بدات. کاتێک کە شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا بینرا، زۆربەی چاودێران و بیرمەندان پێیان وابوو کە ڕەنگە لە خەراپترین حاڵەتدا بەرۆکی ئەفریقا نەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی کە زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتانە گەنجن و لە سەر زەوی ئیش دەکەن و نە نەخۆشییەکە کاریگەری لە سەر ئەوان دادەنێت و پشوو و قەدەغەکانیش گوشارێکی ئەوتۆ لە سەریان دانانێت. ئێستا وای لێهاتووە کە پەتای کۆرۆنا بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کاریگەرییەکانی لە سەر ئەفریقا بە جێهێشتووە، لە کاتێکدا کە وڵاتانی دەوڵەمەند هیوایان بەوە هەیە پاش دابینکردنی ڤاکسێن بۆ خەڵکەکەیان بۆ گەشەی ئابوری بگەڕێنەوە، ئەفریقا ساڵەها کاتی دەوێت تا بەو قۆناغە بگات.
سندۆقی نێودەوڵەتی دراو پێشبینی دەکات کە ئەفریقا لە ساڵی 2021 لە نێوان ناوچە گەورەکانی جیهان، خاوترین ڕێژەی گەشەی هەبێت، شەپۆلە بەردەوامەکانی کۆرۆنا کێشەی بۆ خوێندنی ملیۆنان کەس لە ئەفریقا خوڵقاندووە و ئەمەش تارماییەکە بە سەر ئەو خاڵەی کە بە هیوایەکی ئەفریقییەکان دادەنرا.
گەشبینی بەرامبەر بە دۆخی ئەفریقا پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەستیپێکرد و هۆکارەکەشی گەشەی بازاڕی کاڵا لە ساڵی 2014 بوو کە گەشەی خێرای ئابوریی بەدواوە بوو. لە نێوان ساڵانی 2003 و 2018 ڕێژەی ئەو کەسانەی لە ئەفریقا لە هەژاریدا ژیانیان بە سەر دەبرد لە سەدا 56 بۆ لە سەدا 40 دابەزی، ژمارەی ئەو منداڵانەی چوونە قوتابخانەکان ڕووی لە زیاتربوون کرد، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەسیوپیا تا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا سەرجەم منداڵەکان چوونە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2003 تەنیا لە سەدا 65 ی ئەوان لە بارودۆخێکی وەهادا بوون. ئەو منداڵانەی دەچنە قوتابخانەکان و دۆخی خوێندیان باشە، کاتێک گەورەش دەبن داهاتی باشتریان هەیە و ئەگەر لە ڕەگەزی مێ بن خێزانی بچووکتریان دەبێت و بەم هۆیەوە دەتوانن کاتی زیاتر بۆ هەر منداڵێک و پەروەردەکردنی تەرخان بکەن، ئەم پرۆسەش هیوای بە دانیشتووانی ئەفریقا بە تایبەت گەنجەکان بەخشیبوو کە لە داهاتوودا داهاتێکی زیاتریان هەبێت.
کاتێک یەکەم شەپۆلی کۆرۆنا گەیشت، هەست بەوە دەکرا کە ئەفریقا لەوەدا سەرکەوتوو بووە بە چەشنێک خۆی لەم پەتایە و کاریگەرییەکانی بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی جیهان بە دوور بگرێت. ڕێژەی وەبەرهێنانی وڵاتانی باشوری ئەفریقا لە ساڵی 2020 لە سەدا 2.6 دابەزی، لە کاتێکدا کە ئەم ڕێژەیە لە سەر ئاستی جیهان 3.6 بوو. لە نێو ئەو 24 وڵاتەی کە لە ساڵی ڕابردوو گەشەی ئابوری خۆیان ڕاگەیاند، 11 وڵاتیان لە ئەفریقای باشوردا بوون.
ئاماری کۆرۆناش لەم کیشوەرەدا باش بووە، بە هەبوونی لە سەدا 14 ی حەشیمەتی جیهان، تەنیا لە سەدا 3 ی توشبوون و مردن بە کۆرۆنا لەم کیشوەرەدا تۆمار کرا. ئەڵبەت نابێت بە تەواوی پشت بەم ئامارانە ببەستین. ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە لە ئەفریقا پشکنینی کۆرۆنایان کردووە زۆر کەمن و بەم هۆیەوە ناتوانین کە ئامارەکانی تایبەت بەم پەتایە لەم کیشوەرەدا بە جیدی وەربگرین.
بە دڵنیاییەوە کە سەرجەم ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت وڵاتانی جیهان هەوڵ دەدەن تا ئەفریقا بە خێرایی دەستی بە ڤاکسێنی کۆرۆنا بگات، هەروەها لە ڕێگای قەرزی نێودەوڵەتییەوە دەبێت ڕێگری لەوە بکرێت ئەفریقا جارێکی دیکە بەرەو قەیرانی ئابوری بگەڕێتەوە./.