بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود ڕۆبەیعی وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەردەوامی هێرش و دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە بیانوونی شەڕی دژ بە پەکەکە، وتی کە سەرجەم بژاردەکان بۆ بەرگری لە سەروەری عێراق و وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا لە سەر مێزە.
ناوبراو وتی: هێزە ئەمنییەکانی ئێمە دەتوانن ڕوبەڕوی تورکیا ببنەوە، بژاردەی سەربازی لە دژی تورکیا بە تەواوی ڕەوایە و لە سەر مێزە.
ڕۆبەیعی بە ئاماژە بە پەرەسەندنی دەستدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا لە دەرەوە و ناوخۆی هەرێمی کوردستان، داوای لە حکومەتی بەغدا کرد کە پەرە بە سیستەمی بەهێزی بەرگری ئاسمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر دستدرێژییەکی دەرەکی بدات.
پێشتریش موختار موسەوی ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە سەرجەم بژاردەکان بۆ بەرگری لە دەسەڵات و سەروەری ئەم وڵاتە و ڕوبەڕوبونەوەی هەر دەستدرێژییەکی تورکیا بە تایبەت لە شەنگال لە سەر مێزە./.