بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە ڕۆژانە کاروانی لۆجستی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێنە ئامانج، بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییەدا ئەو هێرشانە ڕووی لە دابەزین کردبوو.
هەروەها ماوەیەکە کە هێرشە ڕۆکتێتییەکان یان لە ڕێگای فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگیرابوو.
پاش وتووێژی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا بەرامبەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراق وتی کە مافی ئەوەیان نییە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بەڵام ئەگەر واشنتن پابەندی بەڵێنی کشانەوەی هێزەکانی نەبێت و ڕێز لە سەروەری و هەرێمی ئاسمانی عێراق نەگرێت، هیچ هێرشێک بە دوور نازانێت.
هێزەکانی خۆڕاگری ئیسلامی عێراقیش لە هەمان کاتدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە ئەگەر مەرجی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق جێبەجێ نەکرێت، ئەنجامی ئەو وتووێژانە هیچ بەهایەکی نابێت.
ئەم هێزانە ڕایانگەیاند کە ئاگربەست تەنیا بە واتای ئەوە دێت کە وتووێژی ستراتیژی بگاتە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بە پێچەوانەی ئەمەش هێرشەکان بە هێز و ژمارەی زیاترەوە دەست پێدەکەنەوە.
لە ئاکامدا شەوی شەممە، ناوەندی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی خۆڕاگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە دەستێوەردانی هەندێک لایەنی ناوخۆیی موڵەتێک بۆ وتووێژ لە گەڵ ئەمریکییەکان درایە حکومەتی بەغدا بەڵام لە ڕووی کردارییەوە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە بە پێی لێدوانی ئەمریکییەکان هیچ ئاسۆیەک لە بەردەم کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق بوونی نییە و خواستی ئەمریکا مانەوەی هەمیشەیی هێزەکانیە لە عێراق و حکومەتی بەغداش توانای مامەڵەیەکی ڕاستگۆیانەی لە گەڵ ئەم دۆسیەدا نییە.
هێزەکانی خۆڕاگری عێراق ڕایانگەیاندووە کە پابەندنەبوونی ئەمریکا بە کشانەوەی هێزەکانی، ئەو پەیامەی بە ئێمە گەیاندووە کە ئەوان تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگەن و بە دەستپێکردنەوەی هێرشی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا ئەوان ناچار بە کشانەوە لە عێراق دەکرێن./.