بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پاش سەرکەوتنە مەزنەکەی خۆڕاگری فەڵەستین لە شەڕی 12 ڕۆژە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، لیوا حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و زیاد نەخاڵە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، وێڕای بەرزڕاگرتنی ناوی شەهیدانی خۆڕاگری بە تایبەت شەهید قاسم سولێمانی و پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە مەزنە لە گەلی خۆڕاگر و تێکۆشەر و بوێری فەڵەستین، جەختی لە سەر پاڵپشتی و هاوکاری بەردەوامی سوپا و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەلی فەڵەستین کردەوە.
لیوا سەلامی لەو وتووێژانەدا سەرکەوتنەکەی خۆڕاگری فەڵەستینی وەک موعجیزەی خودایی و زیندووکەرەوەی شەرەف و کەرامەتی مرۆڤەکان ناو برد و وتی: شکستی ئیسرائیلی داگیرکار تەنیا شکستی زایۆنیستەکان نەبوو، بەڵکوو شکستی ئەمریکا، بەریتانیا و ئەو ڕژێمانە بوو کە کەوتنە داوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ زایۆنیستەکان.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە سەرهەڵدانی فەڵەستینێکی گەورە و جیهانی و نوێ، بەرهەمی ئەم حەماسەت و ڕووداوە گەورەیە و لە شەڕی 12 ڕۆژەدا هەمووان ئەوەیان بۆ ڕوون کرایەوە کە ئیسرائیلی داگیرکار بەرەو لەناوچوون دەڕوات و لە بەرامبەر ڕۆڵەکانی خۆڕاگری شکستی هێنا.
ناوبراو وتی کە سەرکەوتنەکەی ئەمجارە ئەوەشی بۆ زایۆنیستەکان ڕوونکردەوە کە گەلی فەڵەستین تەنیا نییە، بەڵکوو خاوەنی چەکێکی بەهێزن و سوپای پاسدارانیش لە گەڵ ئەوانە تا لەناوچوونی تەواوی ئەو ڕژێمە./.