بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن کەنانی لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی جەختیکردەوە کە فەڵەستین بەردەوام وەک دۆسیەی یەکەم و سەرەکیی جیهانی ئیسلام دەمێنێتەوە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە پێناو لەناوبردنی دۆسیەی فەڵەستین هەوڵێکی زۆری لە ڕێگای پرۆژەی سازشت و هەڵەی ژمارەیەک دەسەڵاتداری عەرەب بەکار هێنا، بە تایبەت ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتدارانەی وڵاتانی عەرەبی لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵات کەوتنە داوی پیلانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی.
کەنانی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی زۆریدا خۆی بە پارێزراوی لە ناوچەکە بهێڵێتەوە بەڵام بەرەی خۆڕاگری و گەلی فەڵەستین کە هیچ کات ئەم ڕژێمە بە فەرمی ناناسن، بە بەرەکەتی پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کەسانی بەشەرەف لە وڵاتانی جیهان، سەرکەوتنێکی مەزنی لەم شەڕەی ئەمجارەدا مسۆگەر کرد.
ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە لە درێژەدا وتی: پاش تاوانەکانی زایۆنیستەکان دژ بە گەلی فەڵەستین و بە تایبەت لە گەڕەکی شێخ جەڕاح و دەسدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر قودس و مزگەوتی ئەقسا، گەلی فەڵەستین ئەوەی سەلماند کە خاوەن هێزێکی گەورەیە بە ناوی خۆڕاگری و لە شەڕەکەی ئەمجارەدا دوژمنی زایۆنیستی و هاوپەیمانەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
وتیشی کە ئەمجارە یەکڕیزی سەرجەم فەڵەستینییەکان لە کەرتی خۆرئاوا تا ناوچەکانی 1948 و کەرتی غەززە بینرا و هێرشە مووشەکییەکانیش شکستی گومەزەی ئاسنینی سەلماند و کێشەی گەورەی خستە بەردەم سوپای ڕژێمی زایۆنیستی، ئەو سوپایەی کە خۆیی بە هێزی یەکەمی ناوچەکە ناو دەبرد بەڵام هێندە لاواز بوو کە لە بەرامبەر خۆڕاگری و هێرشە مووشەکی و ڕۆکێتییەکان شکستی هێنا.
حوسێن کەنانی وتی: شەڕەکەی ئەمجارە ئەوەشی سەلماند کە ڕژێمی زایۆنیستی بانکی ئامانجەکانی لا نییە و بەئامانجگرتنی کەسانی سڤیل و خانووەکانی خەڵک تەنیا پیشاندەری لاوازیی ئەو ڕژێمەیە و ئەوەشی ڕوونکردنەوە کە زانیاریی لە سەر شوێنی مانەوەی سەرکردەکانی خۆڕاگری فەڵەستین نییە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی سەرەڕای ئەوەی کە هەڕەشەی هێرشی وشکانیی بۆ کەرتی غەززە دەکرد بەڵام بە هۆی پێشبینی شکستیش لەو شەڕە، جێبەجێی نەکرد.
ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە ستایشی پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و وتی: بەشێکی زۆری ئەم سەرکەوتنە قەرزداری فەرماندەی شەهید حاجی قاسم سولێمانییە، بێگومان ئەم دەسکەوتە بۆ کۆماری ئیسلامی و ئەو شەهیدە ئازیزە دەگەڕێتەوە. ئەڵبەت لەم شەڕەدا وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری لە عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنانیش لە گەڵ فەڵەستینییەکان بوون.
کەنانی لە کۆتاییدا وتی کە شەڕی ئەمجارەی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی کێشەی خستووەتە بەردەم سەرکردەی ئەو وڵاتانەی کە پرۆژەی سازشتیان لە گەڵ تەل ئەبیب واژۆ کرد، دەسکەوتەکەی حەماس وایکرد کە ئاسۆی شکست و لاوازی ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر بۆ هەمووان ڕوون ببێتەوە./.