بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا پیرۆزبایی خۆیان بە بۆنەی سەرکەوتنی خۆڕاگری فەڵەستین لە شەڕی دوانزە ڕۆژە بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاند.
دەقی پەیامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەم شێوازەیە:
بسم اللە الرحمن الرحیم
سڵاو لە فەڵەستینی بەهێز و زوڵملێکراو، سڵاو لە گەنجانی بوێر و بەتوانای فەڵەستین، سڵاو لە غەززەی قارەمان و خۆڕاگر، سڵاو لە حەماس و جیهاد و سەرجەم گرووپە جیهادی و سیاسییەکانی فەڵەستین.
بە بۆنەی ئەم سەرکەوتن و سەربەرزییەی کە خودای گەورە بە گەلی فەڵەستینی بەخشی، سوپاس و ستایشی خودای ئازیز و بەتوانا دەکەم، هەروەها داواکارم کە خودای گەورە سەبوری بە دڵی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بدات و شیفای بەپەلەش بە بریندارانی ئەم شەڕە ببەخشێت، هەروەها پیرۆزبایی خۆم بە بۆنەی سەرکەوتن لە بەرامبەر ڕژێمی تاوانباری زایۆنیست ڕادەگەێنم.
ئەزموونی ئەم چەند ڕۆژە، سەربەرزی گەلی فەڵەستینی بە دواوە بوو. دوژمنی دڕندە ئەوەی سەلماند کە لە بەرامبەر ڕاپەڕینی یەکگرتووی فەڵەستینییەکان تەواو لاوازە، ئەزموونی هاوکاریی قودس و کەرتی خۆرئاوا لە گەڵ غەززە و ناوچەکانی 1948 و کەمپەکان، ستراتیژی داهاتووی فەڵەستینییەکانی پیشاندا. لەم 12 ڕۆژەدا ڕژێمی تاوانبار، تاوانی گەورەی لە غەززە خوڵقاند و ئەوەی سەلماند کە بە هۆی لاوازی لە بەرامبەر ڕاپەڕینی یەکگرتووی فەڵەستینییەکان، پەنا بۆ هەڵسووکەوتی دڕندانە دەبات. ڕژێمی زایۆنیستی بەم تاوانانەوە ڕای گشتی جیهانی خستە بەرامبەر خۆی و وڵاتانی ڕۆژئاوای پاڵپشتی خۆی بە تایبەت ئەمریکای زیاتر لە ڕابردوو شەرمەزار کرد. بەردەوامی تاوانەکان و داوای ئاگربەست هەر دوو شکستی ئەو ڕژێمە بوو، ئەو ڕژێمە بە ناچاری شکستی قبووڵ کرد.
ڕژێمی ناپاک لەمەش زیاتر لاواز دەبێت. ئامادەیی گەنجانی فەڵەستینی و بەهێزبوونی زۆر گرنگی گرووپەکانی خۆڕاگری و زیاتربوونی هێزی ئەوان، بەردەوام فەڵەستین بەهێزتر و دوژمنی داگیرکار لاوازتر دەکات.
کاتی دەستپێکردن و ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان بە بڕیاری سەرکردەکانی جیهادی و سیاسی فەڵەستینییە. بەڵام ئامادەبوون و بەردەوامبوونی بەهێز لە گۆڕەپانەکە، ڕاناگیرێت. ئەزموونی شێخ جەڕاح لە خۆڕاگری لە بەرامبەر زۆربێژیی ڕژێم و شارۆچکە نشینە بەکرێگیراوەکان دەبێت ڕێنمای هەمیشەیی گەلی ئازای فەڵەستین بێت. سڵاو بۆ گەنجانی بوێری شێخ جەڕاح دەنێرم.
جیهانی ئیسلام لە بەرامبەر دۆسیەی فەڵەستین، بەرپرسیار و ئەرکی ئائینیی لە سەرە. عەقڵی سیاسی و ئەزموونەکانی دەسەڵاتدارێتیش ئەم حوکمە ئائینییە پشتڕاست و جەختیش لە سەری دەکاتەوە. وڵاتانی ئیسلامی دەبێت لە پاڵپشتی گەلی فەڵەستین ڕاستگۆیانە بێنە گۆڕەپانەکەوە، چ لە بەهێزبوونی لە بواری سەربازی، چ لە پاڵپشتی دارایی کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بە پێویست دادەنرێت و چ لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانەکان و زیانەکانی ئەم دواییە.
داواکاری و بەدواداچوونی گەلان، پاڵپشتێکە بۆ ئەم داواکارییە سیاسی و ئائینییە. گەلانی موسڵمان دەبێت جێبەجێکردنی ئەم دواکارییەیان لە وڵاتانی خۆیان بوێت. گەلانیش خۆیان بە پێی توانایان ئەرکی هاوکاری سیاسی و داراییان لە سەرە.
ئەرکێکی گرنگی دیکە، بەدواداچوونە بۆ سزادانی حکومەتی تیرۆریست و ناپاکی زایۆنیستی. سەرجەم ویژدانە ئازادەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاوانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە کوشتنی ژنان و منداڵانی فەڵەستینی لەم 12 ڕۆژەدا دەبێت سزادانی بە دواوە بێت. سەرجەم ناوەندە کاریگەرەکانی ڕژێم بە تایبەت نتانیاهۆی تاوانبار دەبێت لە دادگای نێودەوڵەتی و سەربەخۆ لێپرسینەوەیان لە گەڵ بکرێت و ئەمەش بە یارمەتی خودای گەورە مسۆگەر دەبێت. واللە غالب علی امرە.
31 ی گوڵانی 1400 ی کۆچی هەتاوی
سەید عەلی خامنەیی
کۆتایی/.