بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆشکی چل ئەستوون یەکێکە لە باخە شاهانە بە جێماوەکانی سەردەمی سەفەوییەکان لە شاری ئەسفەهان کە بە ناوی باخی مۆزەخانەی چل ئەستوونیشەوە دەناسرێت. لە ڕاستیدا ئەم باخە بەشێکی بچووکی باخە گەورەکەی جیهان نمایە کە شا عەباسی یەکەم بە کردنەوەی کۆشکێک لە نێویدا قۆناغی یەکەمی کردنەوەی کۆشکی چل ئەستوونی دەستپێکرد. ئەم بینا مێژووییە لە ڕیزی بەناوبانگترین ڕاکێشیگەلە گەشتیارییەکانی ئەسفەهان دادەنرێت کە هێشتا بە جوانییەکانیەوە دەتوانێت پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی بکات.
باخی چل ئەستوون لە پێشوودا سێ دەروازەی هەبووە کە دەروازە کۆنەکەی لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە بووە. پاش گەیشتن بەم باخە و پیاسەیەکی کەم دەگەینە بیناکە کە بە جوانییەکانیەوە سرنجمان ڕادەکێشێت.
ئاوی باخەکە لە ڕابردوودا لە شوێنێکەوە بە ناوی فدەن دابین دەکرا و پاش تێپەڕبوونی بەم باخەدا دەڕژایە گۆڕەپانی نەخشی جیهان بەڵام ئێستا لە بیرێکەوە دابین دەکرێت. چەندین دار و درەختی ناسراوی ئێرانی لەم باخەدا هەیە. ڕوبەری باخەکە 2120 مەتری چوارگۆشەیە و بینای کۆشکەکەشی یەک مەتر لە باخەکە بەرزترە.
کۆشکی چل ئەستوون کەوتووەتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شەقامی چوارباخی خواروو، باشوری شەقامی سپە و ڕۆژئاوای گۆڕەپانی نەخشی جیهان لە ئەسفەهان.
بینای سەرەکی کۆشکی چل ئەستوون لە سەر بیست ئەستوون کراوەتەوە. بەشێکی زۆری مێژووناسان دەڵێن کە بیناکە بە هۆی ئەم ئەستوونانەوە ناو نراوە. ئەڵبەت لە نەخشێکی مێژووییدا ناوێکی 40 هاتووە و پیشاندەری ژمارەیەکە کە ڕەنگە هۆکارێکی دیکەی ناونانی بە چل ئەستوونەوە بێت.
باخی چل ئەستوونی ئەسفەهان نموونەی باخێکی شاهانەیە لە سەردەمی سەفەوییەکان. تا ساڵی 1327 ی هەتاوی بە هۆی نەبوونی زانیارییەوە لێدوانێک لە سەر مێژووی بینای چل ئەستوون نەدەدرا. لەو ساڵەدا لە بەشی تەلاری کۆشکەکە، دوو بەردەنووس دۆزرایەوە و لەم ڕێگایەوە زانیاری تایبەت بە مێژووی ئەم باخ و کۆشکە دەست کەوت.
یەکێک لە پلانەکانی سەردەمی شا عەباسی یەکەم، پاش دەستنیشانکردنی ئەسفەهان وەک پایتەخت لە ساڵی 1007 ی کۆچی مانگی، کردنەوەی شەقامێکی جوان و درێژ بە ناوی چوار باخ و چەندین باخی گەورەی چواردەوری بووە. لەو باخانەش دەتوانین ئاماژە بە ناوی باخی خەرگاە، بولبول، هەشت بەهەشت، فەتح ئاوا، کاج، نەستەرەن، خلعەت و ئەنگورستان بدەین. بوونی باخەکان کە زۆر کاتیش لە یەکەوە نزیک بوون بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کاتەی شاری ئەسفەهان دادەنرێت. ئەمڕۆ لەو هەموو باخە تەنیا باخی هەشت بەهەشت و چل ئەستوون ماونەتەوە و ئەوانی دیکە تەنیا ناوێکیان لێ ماوەتەوە و لە ناو چوون.
بە دەستنیشانکردنی ئەسفەهان وەک پایتەخت و پەرەسەندنی شارەکە بەرەو باشور و کردنەوەی گۆڕەپانی نەخشی جیهان، کردنەوەی کۆشکە شاهانەکانیش لە لایەن شێخ بەهاییەوە کاری لە سەر کرا و پلانە ستراتیژییەکەی ئەم زانا بەناوبانگەی سەردەمی سەفەوییەکان هێشتا جێی بایەخە. دەستپێکردنی ئەم کۆمەڵە کۆشکە لە عالی قاپووەوە بوو و تا گۆڕەپانی سەرەکی و ناوەندیی چوار باخی عەباسی درێژەی هەبوو. لەم شوێنە گەورەیەدا کە چەندین کۆشکی شاهانەشی تێدا بوو، بینای وەک تەلاری ئەشرەف، جبەخانە، ڕەکیب خانە، کەشیک خانە، تەوحیدخانە، کۆشکی هەشت بەهەشت و چەندین بینای دیکە کرانەوە.
بە پێی ئەو دەقە مێژووییانەی کە ژمارەیەک لە شاعیرەکانی سەردەمی سەفەوی لە شیعرەکانیان ئاماژەیان پێداوە و بە پشت بەستن بە هەندێک کتێب و بەڵگەی مێژوویی دیکەی ئەو سەردەمە، ساڵی کۆتایی درووستکردنی کۆشکی چل ئەستوون 1057 ی کۆچی لە سەردەمی شا عەباسی دووەم بووە.
لە دوانزەیەمین ساڵی دەسەڵاتدارێتی شا سوڵتان حوسێن، کۆشکی چل ئەستوون تووشی ڕووداوی ئاگرکەوتنە بوو و پاشان لە سەر هەمان دیزانی کۆن نۆژەن کرایەوە. بە پێی لێدوانی چەندین گەشتیاری وەک فلاندن و کست لە سەردەمی پاشایەتی محەممەد شای قاجاڕ و هەروەها مادام دیو لافوا، لە ساڵی 1298 ی کۆچی مانگی، باخی چل ئەستوون وەک سەردەمی پێشووی خۆی مابوو بەڵام لە ساڵی 1300 ی کۆچی مانگی و لە سەردەمی زەل سوڵتان، کوڕی نەسرەدین شا و حاکمی ئەسفەهان، بیناکە بەرە بەرە خەراپبوونی پێوە بینرا.
بۆ درووستکردنی کۆشکی چل ئەستوون کەڵک لە شێوازی بیناسازی چینی، ئێرانی و ئەورووپی گیراوە./.