بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە دەزگای میدیایی خەندان ی ڕاگەیاندووە کە هەرچەندە پێش درووستبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئێران، لەسەر بنەمای پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان بوە و ئەوان نوێنەرایەتی وتاری کوردییان کردوە لەو وڵاتەدا، بەڵام لە دوای ساڵی 2007ەوە بەشێکی فراوانی کاروبارەکان، چالاکی بازرگانی، گەیاندنی پەیامێک کە پەیوەندی بە ئەمنییەت و ئاسایشەوە هەبێت لە ڕێگەی حکومەتەوە ئەنجامدراون و دواتریش ئاستی پەیوەندییەکان بۆ نوێنەرایەتی دیپلۆماسی بەرزکرایەوە، لە سەرجەم ئەو هەنگاوانەشدا ئێران پێشوازی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکان کردووە.
ناوبراو وتی: لە مێژووی دێرین و پەیوەندی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە چەند قۆناغێکدا پەیوەندییەکان بەرزی و نزمییان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام هیچ کاتێک پەیوەندییەکان نەگەیشتوەتە ئاستی پچڕان، چونکە حکومەتی هەرێم جوگرافیایەکی ئاسایشی، سیاسی، ئابوری و سەربازی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە کە ئەو جوگرافیایە ناگۆڕێت، “جەنابی مام جەلالیش لە سەرەتاوە کە من چومەتە ئێران ئەوەی بەمن وتووە کە پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران گرنگە، چونکە ئێمە جوگرافیایەکی هاوبەشمان هەیە و دەکرێت سیاسەت و پەیوەندییەکان بگۆڕین، بەڵام ناکرێت جوگرافیا بگۆڕین.
نوێنەری حکومەتی هەرێم هەروەها وتی: تا ئێستاش لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران پەیوەندی حزبی زاڵترە لە سەر پەیوەندی حکومەت، واتە کاتێک شاندێکی حکومەتی ئێران دێت سەردانەکەی ڕووی لە لایەنە سیاسییەکانە و دەبێت پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵیش ببینێت، هەروەها شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە دێتە ئێران شاندی لایەنە سیاسییەکانە و سەرۆکایەتییەکەی یان پارتییە یان یەکێتییە، لە کاتی کۆبونەوەکانیش پەیوەندی دو قۆڵی لایەنەکان دێتەبەرباس و هەندێک جاریش کۆبونەوەی تایبەت لە نێوان کەسی یەکەمی لایەنەکان و شاندی ئێران ئەنجام دەدرێت.
نازم دەباغ سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێریش وتی: لە سەردەمی حکومەتی پێشووتر کە نێچێرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد پەیوەندییەکانی هەرێم و تاران “پڕ رەونەقتر” بون و لەم کابینەیەدا کەمتر هەوڵ بووە، ئەوەش ڕەنگە پەیوەندی بە فشاری ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی کوردستان و تاران بەو شێوازەی پێویستە بەهێز نەبن، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم هەوڵی داوە پەیوەندییەکی باش و جێگیر درووست بکات و چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە دێنەپێش./.