بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو کۆبوونەوە کە لە سەر داوای چین، نەرویج و تونس بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای فەڵەستین بەڕێوەچوو، سێهەم کۆبوونەوەی ئەم هەفتەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر ئەم پرسە بووە کە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
هەر دوو کۆبوونەوەکەی ڕابردووش بە هۆی هەڵوێستی ئەمریکا و ڕێگری لە ئیدانەکردنی تاوانەکانی زایۆنیستەکان لە دژی گەلی فەڵەستین بێ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی هاوبەش کۆتایی هات.
ڕیاز مالیکی وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لەو کۆبوونەوەدا هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سەر کەرتی غەززە وەک تاوانی شەڕ ناو برد و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد سزا بە سەر ئەو ڕژێمەدا بسەپێنێت.
ئەنتۆنیۆ گۆترش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای لە ئیسرائیل و فەڵەستین کرد کۆتایی بەم شەڕ و خوێنڕشتنە بێنن و بۆ سەر مێزی دانوستانەکان لە سەر بنەمای دوو وڵاتی بگەڕێنەوە.
ڕووسیاش داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی توندووتیژییەکانی لە فەڵەستین کرد.
وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین بە توندی ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت و وتی، هەڵوێستی واشنتن بووەتە هۆی ئەوەی کە دەنگێکی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە نەبیسترێت./.