بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ئاڵۆزییەکانی ئێستای فەڵەستین هیچ کاریگەرییەک لە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ئەم وڵاتە نابینرێت، ئەوەی دەبینرێت پەیوەندی کەسایەتی و و بەرپرسانی وڵاتانی ئیسلامییە لە گەڵ سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستین.
ئاڵۆزییەکانی فەڵەستین ئەوەی پیشاندا کە لەم وڵاتە و لە وڵاتانی ناوچەکەش کەس پێویستی بە مەحمود عەباس نییە، تەنانەت جبریل ڕەجوب سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی بزوتنەوەی فەتح وتی کە هیچ کەس پەیوەندی بە مەحمود عەباسەوە نەکردووە.
چاودێرانی دۆخی فەڵەستین دەڵێن کە مەحمود عەباس پاش دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە بۆ کاتێکی نادیار، پێگەی خۆیی لە فەڵەستین لە دەست داوە. کەسایەتییەکانی فەڵەستین دەڵێن کە ئەم بڕیارەی مەحمود عەباس کەلێنی خستووەتە نێوان ئەو و بزوتنەوەی حەماس و تەنانەت لە کاریگەرییەکانیشی بە سەر بزوتنەوەی فەتح کەمکردووەتەوە، بە تایبەت ئەوەی کە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی لە گەڵ نەیارانی لە بزوتنەوەی فەتح سەرکەوتوو نەبووە و ناسر قدوەی لەم بزوتنەوەیە کردە دەرەوە، هەروەها ناکۆکییەکانی لە گەڵ باڵێکی جیاوەبووی بزوتنەوەی حەماس بە سەرکردایەتی محەممەد دەحلان دەبێت باس بکرێت.
ئەم ناکۆکییانەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بزوتنەوەی فەتح لە ئاڵۆزییەکانی ئێستای فەڵەستین و ڕژێمی زایۆنیستی پەراوێز بخرێت. بە دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان فەتح تا چەند ڕۆژێک بێدەنگی هەڵبژارد و پاشان بە ناچار بانگەوازی خۆپێشاندانی لە دژی تەل ئەبیب کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان سەرەتا لە قودس و کەرتی خۆرئاوا دەستیپێکرد کە لە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستیندایە.
بە بۆچوونی چاودێران، مەحمود عەباس خۆی هۆکاری ئەوەیە کە وا پەراوێز بخرێت، ئەو دەیەوێت کەس لە پرسی فەڵەستین پەیوەندی بە سەرکردەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە نەکات، هەروەها نزیکبوونەوەی لە تورکیا و قەتەر بووە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس هاوکارییە داراییەکانیان بۆ دەسەڵاتەکەی مەحمود عەباس ڕابگرن.
مەحمود عەباس بەم کارنامەیەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆڵی دیپلۆماسی فەڵەستین لە ئاستی نێودەوڵەتی بە لاوازی ببینرێت.
هەروەها ڕووماڵی لاوازی گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین لە کەناڵی فەرمی ئەم وڵاتە بووەتە هۆکارێکی دیکەی ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر و تەنانەت پاش کەناڵە عەرەبییەکانی دیکەی وەک جزیرە دەستی بە ڕووماڵی ڕووداوەکانی ئەم دواییە کرد.
چاودێران دەڵێن کە حەماس هەوڵ دەدات فەڵەستین لە دۆخی لاوازی ئێستا بێنێتە دەرەوە و ئەمەش بە پەراوێزخستنی مەحمود عەباس دەست پێدەکات، بە تایبەت ئەوەی کە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی فەڵەستین زیانێکی زۆری بە ناوبانگی عەباس گەیاندووە./.