بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هادی عەلی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: بەرگریکردن لە قودس ئەرکێکی ئائینی و شەرعییە.
ناوبراو وتی کە بە تێڕوانینی ئێمە شەڕەی ئەمجارەی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و فەڵەستین دوو ڕەهەندی هەیە.
هادی عەلی لە ڕوونکردنەوەی ئەم دوو ڕەهەندەدا وتی: یەکەم، ڕەهەندی ئائینییە کە شاری قودس و مزگەوتی ئەقسا وەک ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان و ئیسرا و مێعراجی پێغەمبەری خاتەم – درود و سەلامی لە سەر – و شوێنە پیرۆزەکانی دیکەش کە لە ژێر داگیرکاری و هەڕەشەی شێواندندایە، ئەمەش وایکردووە کە بەرگریکردن لەوان ئەرکێکی ئائینی و شەرعی بێت بۆ سەرجەم موسڵمانانی جیهان.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی هەروەها وتی کە ڕەهەندی دووەم، مرۆڤییە کە خاک و خەڵکی فەڵەستین دەیان ساڵە بەردەوام تووشی داگیرکاری و ئاوارەبوون و گەمارۆ و گۆڕینی دیمۆگرافیا و کوشتن و بڕین و جۆرەها ستەمکاری دڕندانە بووەتەوە، وەک ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا لە کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەی فەڵەستین بینراوە.
وتیشی کە ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەر دوو ڕەهەندەکەوە بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆمانی دەبینین کە لە چوارچێوەی توانای مەعنەوی و ڕاگەیاندنی خۆماندا هاوخەمی و هاوسۆزی و پاڵپشتی دەرببڕین بۆ خەڵکی فەڵەستین و کێشەی قودس و مزگەوتی ئەقسای پیرۆز./.