بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: ئێران و تورکیا وەک دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکە بە هەر شێوازێک دەبێت ڕێگری لە تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بکەن.
ڕۆحانی هەروەها جەختی لە سەر پێویستی هەڵوێستی هاوبەش و هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئەنکەرە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکانی ناوچەکە بە تایبەت لە سوریا و یەمەن کردەوە و وتی کە بەردەوامی ئەم هاوکارییانە لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئاستانە دەتوانێت پرۆسەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە خێراتر بکات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەشی ئابوری نێوان ئەم وڵاتە و تورکیا وتی کە هیوادارین پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و تورکیا بە تایبەت هاوکاری بانکی و چالاکی دەروازە سنورییەکان زیاتر بکرێت.
ناوبراو ئاماژەشی بە دانوستانەکانی ڤیەننا دا و وتی کە ئەگەر ئەمریکا نیازپاکی خۆی لە هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران بسەلمێنێت، دانوستانەکان دەسکەوتی زۆریان بە دواوە دەبێت.
سەرۆک کۆماری تورکیاش لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا نیگەرانی خۆی لە ڕووداوەکانی فەڵەستین و هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاند.
ئەردۆغان وتی: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کاردانەوەی جیدیی هەبێت و جیهانی ئیسلامیش پێویستە لەم بوارەدا هەڵوێستی هاوبەشی هەبێت./.