بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لە گەڵ ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس دوایین دۆخی غەززە و بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی تاوتوێ کرد.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران لەو وتووێژەدا ستایشی وەڵامی کاریگەر و سەرکەوتووی خۆڕاگری فەڵەستینی کرد لە بەرامبەر تاوان و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی.
لیوا قائانی هەروەها ئیدانەی هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی لە دژی گەلی فەڵەستین کرد.
ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسیش ڕایگەیاند کە شەڕی قودس، شەڕی تەواوی ڕۆڵەکانی گەلی فەڵەستینە و ستایشی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین./.