بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەلال ئەبوزەریفە لە سەرکردەکانی بەرەی دیمۆکراسی بۆ ئازادی فەڵەستین لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی، جەختیکردەوە کە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشی گرووپەکانی خۆڕاگری خۆیی بۆ ئەم شەڕەی ئێستا ئامادە کردووە و کەڵک لە تواناکانی خۆی وەردەگرێت کە بە پشت بەستن بەوان دەتوانێت پەرە بە سەرکەوتنەکانی بدات.
ناوبراو وتی: لەم چەند ڕۆژەی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی، لە چوارچێوەی هاوسەنگی هێزی بەرگری لە گەڵ ڕژێمی داگیرکار، دەسکەوت و سەرکەوتنی گەورە مسۆگەر کرا، ئەمەش داگیرکارانی زایۆنیستی شڵەژاندووە و بە شێوازی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل و بێ تاوان.
ئەبوزەریفە وتی کە گرووپەکانی فەڵەستینی گەیشتوونەتە ڕێکەوتن تا ئەو کاتەی ڕژێمی داگیرکار درێژە بە دەسدرێژییەکانی لە بەرامبەر مزگەوتی ئەقسا و خەڵکی ئێمە لە گەڕەکی شێس جەراح بدات، شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیستەکان بەردەوام دەبێت.
ناوبراو لە وەڵامی هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: هیچ یەک لەو هەڕەشانە ناتوانێت هۆکاری پاشگەزبوونەوەی گرووپەکانی خۆڕاگری لەم ستراتیژەی بێت، بەڵکوو خۆڕاگری بە کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم تواناکانی بۆ بەرگری لە ڕۆڵەکانی گەلی فەڵەستین و پیرۆزییەکان درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.
ئەم سەرکردە فەڵەستینییە هەروەها وتی: گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین هەڵگری توانا و تایبەتمەندی خۆیانن و دوژمن تووشی شۆک و سەرسوڕمان دەکەن، ئەوان پەرەیان بە توانا مووشەکییەکان داوە، لەم ماوەیەش بینرا کە چۆن سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان کەوتوونەتە ژێر پەلاماری مووشەکەکانی خۆڕاگری.
تەلال ئەبوزەریفە وتی: کێشە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دوو ئاستی سیاسی و سەربازی بووەتە هۆی توڕەیی ڕای گشتی کۆمەڵگای زایۆنیست، بە تایبەت لە شکستی سوپای ئەم ڕژێمە لە ڕوبەڕوبونەوەی خۆڕاگری و ڕێگری لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر شار و ناوچە داگیرکراوەکان.
وتیشی: وەزیرەکانی کابینەی نتانیاهۆ هەوڵ دەدەن خەڵک فریو بدەن و ڕاستییەکان لە زیانەکانی شەڕی ئێستا لە خەڵک بشارنەوە، بە تایبەت ئەوەی کە سیستەمی بەرگری کڵاوەی ئاسنین شکستی هێناوە، بەڵام وەڵامە بەهێزەکەی بەرەی خۆڕاگری درۆ و پڕوپاگەندەکانی ئەوانی ئاشکرا کردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە خاڵە لاوازەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئەم گەڕەی شەڕ و پێکدادانەکان کە تێیدا گرووپەکانی خۆڕاگری بەشێک لە توانا مووشەکییەکەی خۆیان نمایش کرد، ئاستی لاوازیی ڕژێمی زایۆنیستیی ئاشکرا کرد و ئەوەشی سەلماند کە ئەگەر بەرەی خۆڕاگری لە ئێران، سوریا، یەمەن، عێراق و لوبنان لە چەند بەرەیەکەوە هێرش بکەن، ڕژێمی زایۆنیستی ڕوبەڕوی گەورەترین قەیران دەبێتەوە و واش لەم ڕژێمە دەکات حسێبی جیدی لە سەر توانای هەر یەک لە ئەندامانی بەرەی خۆڕاگری بکات./.