بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە کۆبوونەوەی جیاجیای لە گەڵ ژمارەیەکی کەسایەتی عێراق لە پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ، وتی کە عێراق لە گەورەترین وڵاتانی ناوچەکەیە لە بواری ترانزێتی کاڵا و پردی پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە و ئێرانیش پاڵپشتی لەمە دەکات.
ناوبراو وتی: ژئۆپۆلتیکی ئێران و عێراق تا ڕادەیەکی زۆر وەک یەکە و هیچ کەس ناتوانێت گۆڕانکاریی تێدا بکات، مێژوو و جوگرافی تووشی گۆڕانکاری نابێت و ئێران و عێراق لەم بوارانەدا خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە.
مەسجدی بە ئاماژە بە پرۆژەی پەرەپێدانی هێڵی ئاسنی عێراق بە تایبەت لە پارێزگای بەسرە، وتی: عێراق دەتوانێت لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بگاتە چین و پێگەی ستراتیژیی خۆی لە ناوچەکە بەرز بکاتەوە.
باڵیۆزی ئێران لە درێژەدا وتی: عێراق سەرەڕای هاوردەی کارەبا لە ئێران و وڵاتانی دیکە، لانیکەم 20 هەزار مێگا وات کارەبای کەمتری هەیە و کردنەوەی دوو وێستگەی نوێ کە لە لایەن ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێت، دەتوانێت کێشەی کارەبای ئەم وڵاتە بە تایبەت لە پارێزگاکانی باشور بەسرە، زیقار و سەماوە چارەسەر بکات.
وتیشی کە ئێران و عێراق 1400 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیە و هیچ کێشەیەکی ئەمنی و ئاڵۆزییەک لەم سنورە هاوبەشەدا نییە و کێشە ئەمنییەکانی عێراق زیاتر لە سنورەکانی دیکە بە تایبەت لە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەوەیە./.