بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی حەشدی شەعبی عێراق بەیاننامەیەکی لە سەر ڕووداوەکانی فەڵەستینی داگیرکراو بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: بە نیگەرانی و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی فەلەستینی خۆڕاگر و دەسدرێژییە دڕندانەکانی داگیرکارانی زایۆنیست لە دژی ئەو گەلە دەکەین.
حەشد لە درێژەدا جەختی لە سەر پاڵپشتی تەواو لە گەلی فەڵەستین و مافەکانی ئەوان کردووەتەوە و بە گرنگی زانیوە کە بە هەمان ورە و تێکۆشانی ئێستاوە ڕوبەڕوی تاوان و دەسدرێژییە نامرۆڤانەکانی زایۆنیستەکان ببنەوە. ڕاشیگەیاندووە کە هەڵوێستی ئاشکرا و بوێرانەی ئایەتووڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکان بەردەوام جەختی لە پاڵپشتی گەلی فەڵەستین و داوای پاڵپشتیکردنی ئەوان لە لایەن گەلانی ئازادیخوازی جیهانەوە کردووەتەوە.
ڕێکخراوی حەشدی شەعبی هەروەها ڕایگەیاندووە کە پێویستە سەرجەم گەلانی جیهان و ئازادیخوازان ئەرکی مرۆڤی خۆیان لە دژایەتی زوڵم و تیرۆریزمی زایۆنیستەکان لە دژی هاووڵاتیانی بێ تاوانی فەڵەستین بە جێ بێنن.
حەشد لە کۆتاییدا ستایشی بەرخۆدان و تێکۆشانی گرووپەکانی خۆڕاگری و خەڵکی قارەمانی فەڵەستینی کردووە و ڕایگەیاندووە کە گەلانی ئازادیخواز هیچ کات تووشی شکست نابن و سەرکەوتن تەنیا بە یارمەتی خودای گەورە مسۆگەر دەبێت./.