بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەوزی بەرهوم وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس و سەرکردەیەکی باڵای ئەم بزوتنەوەیە لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی وتی: خۆڕاگری لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە لەم شەڕەدا هاوکێشەی بۆردومان بە بۆردومان، شار بە شار و مووشەک بە مووشەک جێبەجێ بکات.
ناوبراو وتی: کاتێک کە خۆڕاگری پێی نایە ئەم شەڕە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، لە گەڵ ئاست و میکانیزمی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی شەڕەکە ئاشنا بوو و ئەمەش بابەتێکی نوێ بۆ یەکینەکانی خۆڕاگری فەڵەستین نییە کە ئەمجارە شەڕەکە، شەڕێکی گەورەترە، بەڵام بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بابەتێکی نوێتە کە ڕوبەڕوی هەڵمەتێکی بەهێزتری هێزەکانی خۆڕاگری بووەتەوە کە لە کاتی دامەزراندنی تا ئێستا هاوشێوەی نەبینیوە، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە تەل ئەبیب پایتەختی سیاسی ئەم ڕژێمە بدەین کە لە ماوەی سێ خولەکدا 150 مووشەک ئاراستەی کرا.
فەوزی بەرهوم وتی: بە خوێندنەوەی ڕژێمی زایۆنیستی، شەڕەکەی ئەمجارە سنوردارە و کۆتایی دێت بەڵام ئێمە بۆ شەڕێکی گەورەتریش ئامادەین.
وتیشی: توشبوونی ڕژێمی زایۆنیستی بەم شەڕەوە پیشان دەدات کە هێز و توانای خۆڕاگریی بە بچووک دەزانی بەڵام ئێستا هاوکێشەکە ئەوەی سەلماندووە کە لە بەرامبەر بۆردومانی غەززە، تەل ئەبیب مووشەکباران دەکرێت و ڕووخاندنی خانووەکان بە هەمان شێوە وەڵام دەدرێتەوە.
وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس وتی: هیچ ئامانجێکی دوژمن لەم شەڕە مسۆگەر نابێت و ڕوبەڕوی شکست دەبێتەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە بە ڕاشکاوانە بەو لایەنانەمان ڕاگەیاندووە کە هەوڵی نێوەندگێڕی دەدەن، کە فەڵەستین مافی بەرگریی هەیە، بە تایبەت لە شوێنە پیرۆزەکان و دەبێت ڕژێمی زایۆنیستی واز لە دەسدرێژییەکانی بۆ سەر قودس و سەرتاسەری فەڵەستین بێنێت.
فەوزی بەرهوم وتی: ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی ئەمڕۆ کەوتووەتە شەڕێکەوە کە قەد پێشبینی وای نەکردووە، واتە هێرشەکان بۆ قووڵایی ئەم ڕژێمە و شوێنە هەستیار و ستراتیژییەکان، ئەگەر هێرشی وشکانیش بکرێتە سەر کەرتی غەززە بە دڵنیاییەوە کە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ خۆڕاگری تا زیاترین زیان بە سوپای زایۆنیستی بگات و لە کۆتاییدا داگیرکاران دەبێت بزانن کە هاوکێشەکە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە، ئەگەر تەنانەت دەسدرێژی بکرێتە سەر منداڵێکی فەڵەستینی لە ڕەفەح تا قودس، خۆڕاگری وەڵامی بۆی دەبێت./.