بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ڕژێمی تەزویری زایۆنیستی (یوم النکبە) بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ئەمڕۆ لە کاتێکدا یوم النکبە گەیشتووە کە فەڵەستینی خۆڕاگر و ئازیز ڕوبەڕوی گەڕێکی نوێی تاوانەکانی ڕژێمی داگیرکار و دژە مرۆڤیی زایۆنیستی بووەتەوە و تێکەڵی خوێن و ڕاپەڕینە.
بەیاننامەکە دەڵێت: 73 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 14 ی ئایاری ساڵی 1948 گەلی فەڵەستین بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی، لە خاک و نیشتمانی باب و باپیرانی خۆی بێبەش کرا و لە جێی ئەوان ڕژێمی تیرۆریستی و خەڵکانێکی بێگانە تەزویر کران.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: لەو کاتەوە، زایۆنیستەکان، فەڵەستینی داگیرکراویان کردووەتە بنکەیەکی تیرۆریستی لە دژی گەلی فەڵەستین و گەلانی موسڵمانی ناوچەکە. لە ماوەی ئەم 7 دەیەی ڕابردوو ئەمریکا و ژمارەیەک لە هێزەکانی جیهان بەردەوام پاڵپشتییان لەم ڕژێمە ناپاکە کردووە و چاویان بە ڕووی تاوانە بێ کۆتاییەکانی ئەم ڕژێمە تیرۆریستییە داخستووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە: زایۆنیستەکان بە هۆی ئەم پاڵپشتییەوە، تاوانی ڕێکخراوەیی و کردەوەی نامرۆڤانەی زۆریان لە دژی گەلی فەڵەستین و ناوچەکە خوڵقاندووە. زایۆنیستە تاوانبارەکان بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە زەبری چەک، خاکی فەڵەستینیان بە تەواوی داگیر کردووە، پێکهاتەی دانیشتووانەکەیی گۆڕاوە و خەڵکی ڕەسەنی ئاوارە کردووە و زایۆنیستە هاوردەکانی کردووەتە شوێنگرەوەی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەم خاکە پیرۆزە.
بەیاننامەکە هەروەها دەڵێت: لە کاتێکدا کە لەم ڕۆژانەدا ڕژێمی زایۆنیستی ڕوبەڕوی قەیرانی نەبوونی شەرعیەتی خۆی بووەتەوە، بەداخەوە گەڕێکی نوێی دەسدرێژی و تاوانی ئەم ڕژێمە لە بەرامبەر شوێنە ئائینی و پیرۆزەکان و کوشتنی خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین دەبینین کە بە یارمەتی خودای گەورە ڕوبەڕوی وەڵامی توند و کاریگەری خۆڕاگری خەڵک و ڕاپەڕینی گەلی فەڵەستین بووەتەوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای بەتوندی ئیدانەکردنی تاوانەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی داگیرکاری قودس لە دژی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین، داوا لە وڵاتان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات ئەرکی خۆیان لە پێناو کۆتایی هێنان و بەرەنگاربوونەوەی تاوان و دەسدرێژییەکانی زایۆنیستەکان بە جێ بێنن.
بەیاننامەکە دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی خۆی بۆ ئامانجە بەرزەکانی فەڵەستین، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەڕێوەچوونی گشتپرسی بە بەشداری سەرجەم دانیشتووانی ڕەسەنی فەڵەستین بە موسڵمان و مەسیحی و جولەکەوە بە ئامانجی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و جۆری سیستەمی سیاسی خوازراوی ئەوان، تەنیا ڕێگای چارەسەری ئەم قەیرانەیە. بێ گومان تا ئەو ڕۆژەش تەنیا ڕێگای ڕێگری لەم زوڵمە بەردەوام و کوشتار و ئەشکەنجە و سووکایەتی ڕۆژانە بە فەڵەستینییەکان لە لایەن زایۆنیستەکانی بێگانە لە گەڵ بەها مرۆڤییەکان، خۆڕاگری هەمەلایەنە دەبێت.
لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای سەرجەم پیلانگێڕییەکان و پرۆژەکانی سازشت و پاڵپشتی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، فەڵەستین بە پارچەیەک لە جەستە و یەکەمایەتی جیهانی ئیسلام دەزانێت و داوا لە سەرجەم وڵاتان و گەلانی موسڵمان و ئازادیخوازی جیهان دەکات، ناکۆکییەکان بە لاوە بنێن، وەک بەرەیەکی یەکگرتوو بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر داگیرکارانی زایۆنیست بکەن و تا ئازادی تەواوی قودسی پیرۆز و ڕاگەیاندنی حکومەتی سەربەخۆی فەڵەستین لە ئامانجەکانی فەڵەستین پاشگەز نەبنەوە و بە هەموو توانایەکەوە هاوکاری خەڵکە بوێر و خۆڕاگرەکەی بکەن./.