بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تاڤگەی ئاوی سپی لە شاری ئەلیگودەرزی ئێراندایە و بە بوکی تاڤگەکانی ئێران ناوبانگی دەرکردووە. لە پارێزگای لوڕستان زیاتر لە 33 ڕوباری هەمیشەیی هەیە و تاڤگەی ئاوی سپی یەکێکە لە بەرزترین تاڤگەکانی ئێران.
تاڤگەی ئاوی سپی کەوتووەتە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای لوڕستان و داوێنی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس. بۆ گەیشتن بەم تاڤگەیە دەبێت سەردانی شاری ئەلیگودەرز بکرێت. بەرزی تاڤگەکە 70 مەترە و دەڕژێتە ڕوباری ڕودباری لوڕستان.
بە هۆی ئەوەی کە ئاوی ئەم تاڤگەیە لە کاتی ڕژانی بە سەر بەردەکان بە ڕەنگی سپی دەبینرێت بە تاڤگەی ئاوی سپی ناوبانگی دەرکردووە. خەڵکی خۆجێی لە لوڕستان پێی دەڵێن ئاو ئەسبید. ئەڵبەت دوو ناوی دیکەشی هەیە، تاڤگەی سپی و تاڤگەی سپی ئاو.
بۆ سەردانیکردنی ئەم ناوچە گەشتیارییە لە پارێزگای لوڕستان، باشترین کات وەرزەکانی بەهار و هاوینە کە کەش و هەوایەکی زۆر دڵڕفێنی هەیە. بە تایبەت لە وەرزی بەهار کە دیمەنێکی ئێجگار سەرنجڕاکێشی هەیە.
زیارەتگەی مومەد حەسەن کەوتووەتە سەر ڕێگای گەیشتن بەم تاڤگەیە کە لە نێو خەڵکی عەشیرەتی بەختیاری پێگەیەکی بەرزی هەیە.
یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە، بەنداوی پڕ ئاو خانە.
ئاوی تاڤگەکە لە ڕووی تەندرووستییەوە ئاوێکی کانزاییە. لە وەرزی بەهاردا پانتایی تاڤگەکە دەگاتە 8 تا 15 مەتر و یەکێک لە جوانترین دیمەنەکان دەبەخشێتە گەشتیاران.
بە هۆی ئەوەی کە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لەم ناوچەیە دەکات، پێداویستی تەواو دابین کراوە و دەتوانن کەڵک لەوانەش وەربگرن./.