بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) نوێترین ڕاپۆرتی خۆیی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، وەبەرهێنانی نەوتی ئێران لە مانگی نیسانی 2021 گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 393 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە بەراورد بە مانگی پێشووی 73 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا زیادی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئێران لە مانگی ئادار 2 ملیۆن و 320 هەزار بەرمیل نەوت وەبەرهێنانی هەبووە کە ئەم ڕێژەیە لە مانگی شوبات 2 ملیۆن و 167 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.
ئێران پلەی چوارەمی وڵاتانی وەبەرهێنەری نەوتی وەرگرتەوە:
بەم پێیەش بەم زیادبوونەی وەبەرهێنانی نەوت، ئێران پلەی چوارەمی وەبەرهێنەرانی نەوتی ئۆپێکی وەرگرتەوە و کەوتە پێشی کوێتەوە.
لە ئێستادا سعوودیە بە 8 ملیۆن و 132 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، عێراق بە 3 ملیۆن و 920 هەزار بەرمیل و ئیمارات بە 2 ملیۆن و 614 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە پلەکانی یەکەم و دووەم و سێهەمی ڕێکخراوی ئۆپێکدان. ئێران پێش سزاکانی ساڵی 2018 پلەی سێهەمی وڵاتانی وەبەرهێنەری ئۆپێکی لە پاش سعوودیە و عێراق هەبووە.
مامناوەندی وەبەرهێنانی نەوتی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو:
ئێران بە شێوازی مامناوەند لە ساڵی 2020 ڕۆژانە یەک ملیۆن و 987 هەزار بەرمیل، لە ساڵی 2019 ڕۆژانە 2 ملیۆن و 356 هەزار بەرمیل، لە ساڵی 2018 ڕۆژانە 3 ملیۆن و 553 هەزار بەرمیل و لە ساڵی 2017 ڕۆژانە 3 ملیۆن و 813 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
ئێران لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی 2021 ڕۆژانە 2 ملیۆن و 199 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوتی ئێران لە سێ مانگەی چوارەمی ساڵی 2020 ڕۆژانە 2 ملیۆن و یەک بەرمیل، لە سێ مانگەی سێهەم ڕۆژانە یەک ملیۆن و 948 هەزار بەرمیل، لە سێ مانگەی دووەم ڕۆژانە یەک ملیۆن و 949 هەزار و لە سێ مانگەی یەکەم ڕۆژانە 2 ملیۆن و 59 هەزار بەرمیل خەمڵێندراوە./.