بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی ئایەتووڵا سەید عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شێعەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بەیاننامەیەکی سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای فەڵەستینی داگیرکراو بڵاو کردەوە.
ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی نووسینگەی ئایەتووڵا سیستانی بەم شێوازەیە:
بە ناوی خودای گەورە
مەرجەعیەتی ئائینی – جارێکی دیکە – جەخت لە سەر پاڵپشتی تەواوی خۆی لە گەلی سەربەرزی فەڵەستین و خۆڕاگری بوێرانەی ئەوان لە بەرامبەر داگیرکاران دەکاتەوە، ئەو داگیرکارانەی کە هەوڵ دەدەن بەشێکی زیاتری خاکی فەڵەستین داگیر بکەن و گەلی فەڵەستین لە بەشەکانی دیکەی قودس دوور بخەنەوە. مەرجەعیەتی ئائینی داوا لە گەلانی ئازادیخوازی جیهان دەکات کە بۆ وەرگرتنەوەی مافی پێشێلکراوی گەلی فەڵەستین پاڵپشتی لەوان بکەن.
ئەو شەڕ و پێکدادانە توندەی کە لە مزگەوتی ئەقسا و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی فەڵەستین دەبینرێت، بێگومان، پیشاندەری هێز و خۆڕاگری فەڵەستینییەکانە لە ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکارانی ستەمکار و دەسدرێژییە بەردەوامەکانی ئەوان و لە لایەکی دیکەشەوە پیشان دەدات کە گەلی فەڵەستین واز لە مافی خۆیان ناهێنن.
داوا لە خودای گەورە دەکەین کە یارمەتیدەری ئەوان بێت و سەرکەوتنیش تەنیا لە ڕێگای خودای گەورەی بەخشندەوە ئاسانتر دەبێت./.