بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان، لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی قودس و فەڵەستین پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریدا هاتووە کە بەداخەوە جارێکی دیکە و لە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، قەوارەی داگیرکاری جولەکە بە دڕندانەترین شێواز پەلاماری نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسای داوە و دواتریش خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستینی بۆردومان کردووە کە بەم هۆیەوە دەیان کەس لە ناوچەکانی وەک کەرتی غەززە شەهید و بریندار بوون و لە ناویاندا ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیش هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەوەی قەوارەی جولەکە دەیکات، بەدەر لە داگیرکاری، کۆمەڵکوژکردنی گەلێکی زوڵملێکراوە و بە هەموو پێوەرێک تاوانی دژە مرۆڤایەتییە.
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ڕەخنەشی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە پێویستی بەوە دەکرد یەکێک لە مەرجەکانی ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییە، پاراستن و سەلامەتی گەلی فەڵەستین بێت، نەک ئەوەی کە ئێستا بە دیار کۆمەڵکوژی ئەو گەلەوە بێدەنگن و بەیاننامەی شەرمەزاری دەردەکەن./.