کەماڵ زراری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی قودس و فەڵەستین و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: ئەوەی کە لە قودسی داگیرکراو ڕوو دەدات، بە تایبەت ئەو هێرشە دڕندانەی کە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە گەلی فەڵەستین دەیکەن، لە لایەکەوە تیرۆرێکی ڕێکخراوەییە بەرامبەر بە خەڵکێکی بێ تاوانی بێ چەک کە تەنیا بۆ بەجێهێنانی ئەرکە ئائینییەکەی خۆیان ڕوویان لە مزگەوتی ئەقسا کردووە و بە کردارێکی دڕندانەی ئەو ڕژێمە لە بەرامبەر خەڵکی فەڵەستین دادەنرێت.
شاندێکی بزوتنەوەی ئیسلامی سەردانی کۆنسووڵخانەی فەڵەستینی کرد
ناوبراو وتی: لە سەر ڕاسپاردەی مامۆستا عیرفان عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان شاندێک سەردانی کۆنسووڵخانەی فەڵەستینی لە هەولێر کرد و وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرش و تاوانانە، هاوسۆزی خۆمان بۆ گەلی فەڵەستین دووپات کردەوە.
کێشەی فەڵەستین پەیوەندی بە جیهانی ئیسلامەوە هەیە
کەمال زراری وتی: ئێمە وەک بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە چاوپێکەوتنی نەزمی حزوری کۆنسووڵی فەڵەستین لە هەولێر، جەختمان لەوە کردەوە کە کێشەی فەڵەستین تەنیا تایبەت بەو وڵاتە و جیهانی عەرەبییەوە نییە و کێشەکە پەیوەندی بە جیهانی ئیسلام بە گشتییەوە هەیە و پێویستە موسڵمانان لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەڵوێستیان هەبێت.
وڵاتانی عەرەبی بێدەنگ و بێ هەڵوێستن
وتیشی: بەداخەوە وڵاتانی عەرەبی بێدەنگ و بێ هەڵوێستن و کاتی ئەوە هاتووە لە جێی دەرکردنی بەیاننامە، هەڵوێستەکان بکرێنە کردار تا بتوانێت ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی موسڵمانان بکات.
تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین بە پاڵپشتی ئەمریکا دەکرێت
بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕووداوەکانی فەڵەستین وتی: ئەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین بەرامبەر بەو گەلە زوڵملێکراوە دەیکات بە پاڵپشتی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە. تەنانەت چەندین جارە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەیەوێت بڕیارێک بۆ ڕێگری لەو تاوانانەی ڕژێمی زایۆنیستی دەربکات بەڵام ئەمریکا بە مافی ڤیتۆ ڕێگریی لەوەش کردووە.
ئەوانەی بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن بایەخ بە ڕژانی خوێنی موسڵمانان نادەن
ناوبراو وتی: بە دڵنیاییەوە کە بێدەنگی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچاوانی ئەوانەوە، بە تایبەت بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش کە بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن، ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەندێک جار لە سەر بابەتی زۆر بچووک هاتوونەتە دەنگ بەڵام بۆ خوێنی موسڵمانان بە تایبەت فەڵەستینییەکان هیچ بایەخێک دانانێن و نەک تەنیا بێدەنگ و بێ هەڵوێستن، تەنانەت پاڵپشتی تەواویشیان لە ڕژێمی زاڵم و ستەمکاری زایۆنیستی کردووە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد