بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆتایی مانگی ڕابردوو محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە گڵۆپی سەوزی کۆتایی دوژمنایەتی و دەستپێکردنی وتووێژەکانی لە گەڵ ئێران هەڵکرد. تەنانەت لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە ئێران دراوسێی ئێمەیە و هەوڵی پەیوەندییەکی باش لە گەڵ ئەم وڵاتە دەدەین.
ناوبراو وتی: نامانەوێت کە ئێران لە هەلومەرجێکی دژواردا بێت، بەڵکوو دەمانەوێت ئێران وڵاتێکی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو بێت، ئێمە و ئەوان بەرژەوەندی تایبەت بە خۆمان هەیە و داواکارییەکەی ئێمەش بۆ ئەوەیە کە ناوچەکە و جیهان بەرەو گەشە و پێشکەوتن هەنگاو بنێت.
ئەم لێدوانانەش پیشاندەری پاشەکشەی سعوودیە لە دوژمنایەتییەکانی ساڵانی ڕابردووە لە دژی ئێران. سعوودیە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ یەک لەو وڵاتانە بووە کە بەردەوام پاڵپشتیی لە شەڕی ئابوری ئەمریکا لە دژی ئێران کردووە.
بەڵام ئێستا جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە سعوودیە نابێت لە ناوچەکە بە هۆی پاڵپشتی واشنتنەوە هێندە دەستکراوە بێت. ناوبراو هاوکات هەوڵی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران دەدات کە ترەمپ ساڵی 2018 لێی کشایەوە و ڕیازیش لەو بڕیارەی واشنتن لەو کاتەدا بە تەواوی پاڵپشتیی کرد.
هەر بۆیە دەکرێت بڵێین کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەوڵەکانی سعوودیە بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران ئەوەیە کە هاوپەیمانانی ئەمریکا هاوکات لە گەڵ گۆڕینی سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە لە ناوچەکە سیاسەتێکی نوێ لە ئاستی دەرەوە تاقیدەکەنەوە.
دەیڤید شێنکر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکای سەردەمی دوناڵد ترەمپ، لە سەر ئەم سیاسەتەی سعوودیە ڕایگەیاندووە کە ئەوان بیر لە داهاتوو دەکەنەوە و نایانەوێت تەنیا و بە بێ پاڵپشتی ئەمریکا لە ناوچەکە بمێننەوە.
ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە سعوودییەکان لە کۆتایی ساڵی 2019 و پاش هێرشە مووشەکییەکەی سەر ژێرخانە نەوتییەکانیان لە مانگی ئەیلول، پەیوەندییەکی نهێنییان لە گەڵ ئێران دەستپێکردووە.
لەو کاتەدا جێنشینی سعوودیە سەرەتا داوای لە ترەمپ کرد کە لە دژی ئەو هێرشە، هێرشێک بکاتە سەر ئێران بەڵام ناوبراو ڕەتیکردەوە. (ئەو هێرشە لە لایەن یەمەنییەکانەوە کرا بەڵام سعوودیە ئێرانی پێ تۆمەتبار کرد و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەوەیان ڕەتکردەوە). لە ئەنجامی ئەمەش دانوستانی نێوان ئێران و سعوودیە لە ئاستێکی خوارەوە دەستیپێکرد و لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامە، جیاوازییەکەی ئێستا ئەوەیە کە لە ئەمریکا حکومەتێک دەسەڵاتی وەرگرتووە و جێنشینی سعوودیەش ئەگەر بە ناچاریش بێت ئەو سیاسەتەی دەرەوەی جۆبایدنی پەسەند کردووە.
لە ڕاستیدا بە هاتنەسەرکاری بایدن، واشنتن بووەتە هاندەری نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تاران و سیاسەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کاریگەری لە سەر هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەو وڵاتە هەبووە.
هەر بۆیە حکومەتەکەی بایدن ئەگەر پابەندی بەڵێنەکەی خۆی بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، وڵاتانی عەرەبی پێویستیان بە دۆستی زیاتر و دوژمنی کەمتر لەم ناوچەیە دەبێت./.