بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سەر پێشنیاری محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە و پەسەندکردنی لە لایەن حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، مەهدی سوبحانی وەک باڵیۆزی نوێی ئەم وڵاتە لە سوریا دەستنیشان کرا.
سوبحانی پێشتر چەندین بەرپرسیاریەتیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هەبووە وەک بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوونی ستراتیژی وەزارەتی دەرەوە، سەرکۆنسووڵی ئێران لە شاری کەراچی پاکستان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوە و هەروەها جێگری باڵیۆزی ئێران لە وڵاتانی تورکمانستان و ئۆکرانیا.
باڵیۆزی نوێی ئێران لە سوریا هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆی تاران و بەشداری شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقیشی کردووە.
ناوبراو بووەتە شوێنگرەوەی جەواد تورک ئابادی کە بۆ ماوەی چوار ساڵ باڵیۆزی ئێران لە سوریا بووە./.