بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدر زیادی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق وتی کە پەرلەمان هەوڵی پەسەندکردنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەدات.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەم بابەتە لە پاش جەژنی ڕەمەزان دەخرێتە چوارچێوەی چالاکییەکانی پەرلەمان، وتی: بەغدا پلانی ئەوەی هەیە کە هێزەکانی خۆی لە سنورەکانی عێراق و تورکیا بۆ ڕێگری لە هاتووچۆی ئەندامانی پەکەکە جێگیر بکات.
زیادی وتی: هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی بەغدا و بانگهێشتکردنی بەرپرسانی باڵیۆزخانەی تورکیا نابێتە ڕێگر لە بەردەم بەزاندنی خاکی عێراق لە لایەن ئەو وڵاتەوە.
ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق وتی: پەرلەمان یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە موسڵ و زاخۆ و هەولێر پەسەند دەکات و ڕێگری لەوەش دەکات کە تورکیا بنکەی سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستان هەبێت.
وتیشی کە عێراق مافی ئەوەی هەیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار بکات./.