بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڕیارە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڤاکسێنی چینی لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوردەی ئێران بکرێت.
ئەمەش لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی چین بۆ ئێران و کۆبوونەوەی لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ڕێکەوتنی لە سەر کراوە.
هەر لەم چوارچێوەدا هەفتەی ڕابردوو یەک ملیۆن ژەم ڤاکسێنی کۆرۆنای چینی گەیشتە ئێران.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە سەردانەکەی وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین بۆ ئێران نیو کاتژمێر سەبارەت بە ڤاکسێنی کۆرۆنا و هاوکارییەکانی ئێران و چین لەم بوارەدا وتووێژ کراوە.
ئێران بە حەوت قۆناغ 720 هەزار ژەم ڤاکسێنی سپۆتنیک ڤی لە ڕووسیاوە هاوردە کردووە. کازم جەلالی زادە باڵیۆزی ئێرانیش لە ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە بە پێی ڕێکەوتنێکی نوێ بڕیارە 60 ملیۆن ژەم ڤاکسێنی کۆرۆنا لەمساڵ لە ڕووسیاوە بگاتە ئێران./.