بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاکادیمیای گێرمی ڕایگەیاند گۆڕانکارییەکی زۆری بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕوونی و دادپەروەرانە بوونی شێوەی کار و ڕێوشوێنەکانی خۆی گرتووەتەبەر. بەڕێوبەڕانی خەڵاتەکانی گێرمی، گرنگترین ڕووداوی مۆسیقای پاپی جیهان، ئاماژە بەوە دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بەوەی کە بە “کۆمیتەی شاراوە” ناو نراوە، چندین گۆڕانکاری لە چۆنییەتی هەڵبژاردنی بەربژێرەکانی خەڵاتەکان دەگرنەبەر. بڕێک لە هونەرمەندان بۆ نموونە ویکێند گۆرانیبێژی کەنەدیی و زەین مەلەک لە بەریتانیا، ڕێکخەرانی گێرمیان بە فڕوفێڵ و گەندەڵی تۆمەتبار کردووە.
ئێستا ئاکادیمیای گێرمی ڕایگەیاندووە کە بەربژێرەکانی خولی داهاتووی ئەم خەڵاتانە کە لە کانوونی دووەمی ۲۰۲۲ بەڕێوە دەچێت، لەلایەن هەموو ئەندامانی ئاکادیمیاکەوە هەڵدەبژێردرێن. ژمارەی ئەندامانی ئاکادیمیای گێرمی، زیاتر لە ۱۱ هەزار کەسە.
تاکوو ئێستا کۆمیتەیەکی پێکهاتوو لە ۱۵ تاکوو ۳۰ کەسی لە کارناسەکانی کەرتی مۆسیقا کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بەربژێرەکانی خەڵاتەکانی گێرمی-یان هەڵدەبژارد.
ساڵی ڕابردوو، ئەلبوومێکی ویکێند بە ناوی “پاش چەندین کاتژمێر” سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە پڕفرۆشترین ئەلبوومەکانی ئەو ساڵە بوو، بەڵام لە هیچ لقێکدا بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتی گێرمی نەبوو. ئەو دواتر لە تویتەردا نووسی: ” گێرمی هەروەکوو ڕابردوو گەندەڵە؛ ئێوە (ئاکادیمیای گێرمی) ڕوونکرنەوەیەک بە من و لایەنگرانی من و کەرتی مۆسیقا قەرزەدارن.”
زەین مەلەک، گۆرانیبێژی بەریتانی و ئەندامی پێشووتری گرووپی وان دایرەکشەن، خوازیاری کۆتایی هێنان بە کاری “کۆمیتەی شاراوە”ی گێرمی بووە و ڕایگەیاندبوو بەردەوام دەبێت لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ ڕوونی لە فێستیڤاڵی گێرمی.
یەکێکی دیکە لە ڕەخنەگرانی گێرمی، هالزی، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکییە. ئەو ساڵی ڕابردوو چۆنییەتی هەڵبژاردنی بەربژێرەکانی خەڵاتەکانی گێرمی بە ” فێڵبازیی” ناو برد و خوازیاری ڕوونکردنەوەی زیاتر بووبوو.
ئێستاش ئاکادیمیای گێرمی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە گۆڕانکارییەکی زۆری بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕوونی و دادپەروەرانە بوونی شێوەی کار و ڕێوشوێنەکانی خۆی گرتووەتەبەر.