بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕەتیکردەوە کە وڵاتەکەی لە نێوان ئێران و ئەمریکا نێوەندگێڕی کردبێت و وتی: ئێمە لە گەڵ ئەمریکا پەیوەندییەکی ستراتیژیمان هەیە و لە گەڵ ئێرانیش پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە.
ناوبراو لە هەمان کاتدا وتی کە پەیوەندییەکانی قەتەر لە گەڵ تاران و واشنتن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەوان بۆ سەر مێزی دانوستان بەردەوام بووە لە بەر ئەوەی کە ئاڵۆزییەکان کاریگەری لە سەر قەتەر و ناوچەکە هەیە و دەوحە ئەمەی ناوێت.
ئالی سانی وتی: وتووێژی نێوان تاران و واشنتن تەنیا ڕێگای گەڕانەوەیە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و ئێمە هیوادارین وتووێژەکانی ڤیەننا سەرکەوتن بە دەست بێنێت و سەرجەم نیگەرانییەکانی لایەنەکان چارەسەر بکرێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی کە سەقامگیری ناوچەکە تەنیا لە ڕێگای هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە مسۆگەر دەبێت و ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە ئێران و ئەمریکا و ئەو پێنج وڵاتەکەی دیکەوە نییە و وڵاتانی ناوچەکەش پێویستیان بە وتووێژی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە.
محەممەد عەبدولڕەحمان ئالی سانی وتی: لە هەر وتووێژێکی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت لە گەڵ سعوودیە پێشوازی دەکەین و لەو بڕوایەداین کە وتووێژ هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە./.