مامۆستا نیازی هەورامانی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس وتی: هەموو ساڵێک تاکە گەلێک کە مەبەستی پارێزەریی ڕاستەقینەی لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین هەبێت ئێرانە و کۆماری ئیسلامی ئێران وەک وڵاتێکی خاوەن پێگە و خاوەن بڕیار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵ و کاریگەری تایبەت بە خۆیی هەیە.
ناوبراو وتی: موسڵمانان بۆ ئەوەی بەهێز بن و حسێبیان بۆ بکرێت، دەبێت کێشە و ناکۆکییەکانیان وەلاوە بنێن، جیاوازی نێوان سوننە و شێعە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە هەموو موسڵمانان پێکەوە پارێزەری لە ئیسلام بکەن.
ئەم کەسایەتییە ئائینییەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارە مێژووییەکەی ئیمام خومەینی (رە) بۆ دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس وتی: بڕیارەکەی هەنگاوێکی بوێرانە و مێژووییە کە بە درێژایی چەندین دەیە کاریگەری خۆیی هەبووە تا موسڵمانان پێکەوە لە ئێش و ئازارەکانی گەلی فەڵەستینی داگیرکراو ئاگادار بن.
مامۆستا نیازی هەورامانی گرنگی خاک و نیشتمانی لە ڕوانگەی ئائینی پیرۆزی ئیسلامەوە وەبیرهێنایەوە و وتی: لە ئیسلامدا خاک و نیشتمان پیرۆزە، قودسیش یەکەم ڕووگەی موسڵمانان بووە و پێویستە زانایانی موسڵمان لە مەزهەبە جیاوازەکان بە یەکخستنی هەڵوێستەکانیان پارێزەری لە ئائینی پیرۆزی ئیسلام بکەن، هیوادراین کۆتا قۆناغی زوڵم و ستەمی داگیرکاران دژ بە گەلی فەڵەستین بێت و موسڵمانان پێکەوە بە یەک دەنگ بتوانن ڕێگری لەم داگیرکاری و زەڵم و تاوانەی زایۆنیستەکان بکەن.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد