بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و ڕۆژی جیهانی قودس دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بە تایبەت کێشەی فەڵەستینیان ڕوونکردەوە.
فەڵەستین زیندووترین پرسی هاوبەشی ئیسلامییە:
کێشەی فەڵەستین، بەردەوام گرنگترین و زیندووترین پرسی هاوبەشی جیهانی ئیسلامە، سیاسەتەکانی سیستەمی جیهانی، دەستی گەلێکی لە ماڵی خۆیان، لە نیشتمان و خاکی باب و باپیرانی خۆیان بڕیوە و تێیدا ڕژێمێکی تیرۆریستی و خەڵکانێکی بێگانەی جێگیر کردووە.
دامەزرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر هیچ بنەمایەک نەبووە:
دامەزراندنی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر هیچ بنەمایەک نەبووە. وڵاتانی ئەورووپی بە پێی دانپێدادانی خۆیان، زوڵمیان لە جولەکەکان لە ساڵانی شەڕی دووەمی جیهانی کردووە، ئایا دەبێت بە ئاوارەکردنی گەلێک لە ڕۆژئاوای ئاسیا و کارەساتە مرۆڤییەکان لەو وڵاتە تۆڵەی جولەکەکان بکرێتەوە؟
ئەمە هەمان لۆژیکی وڵاتانی ڕۆژئاوایە کە بە پاڵپشتی بەردەوام و بێ بنەمای خۆیان لە ڕژێمی زایۆنیستی بەستێنی تاوانەکانی ئەو ڕژێمەیان لە دژی خەڵکی فەڵەستین دابین کردووە و بەم شێوازە سەرجەم بانگەشە درۆکانی خۆیان لە بواری مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی پشتگوێ خستووە و ئەمەش هەمان تراژدیایە کە زیاتر لە 70 ساڵە درێژەی هەیە و ماوە ماوە لاپەڕەیەکی پێ زیاد دەکرێت.
بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەرکێکی گشتی:
زایۆنیستەکان فەڵەستینی داگیرکراویان هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە کردووەتە بنکەیەکی سەربازی تیرۆریستی. ئیسرائیل نەک یەک وڵات، بەڵکوو بنکەیەکی سەربازی تیرۆریستییە لە دژی گەلی فەڵەستین و گەلانی موسڵمان، بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕژێمە خوێنمژە، بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و تیرۆریزمە و ئەمەش ئەرکێکی گشتییە.
لاوازی و ناکۆکی لە نێوان گەلانی موسڵمان، بەستێنی داگیرکردنی فەڵەستینە:
خاڵێکی بەرچاو ئەوەیە کە ئەگەرچی حکومەتی داگیرکار لە ساڵی 1948 دامەزرا بەڵام ساڵانێک پێش ئەوە ئامادەکاری بۆ دەسدرێژی لە سەر ئەم ناوچە هەستیارەی جیهانی ئیسلام کرابوو.
ئەو ساڵانەش هاوکاتە لە گەڵ دەستێوەردانی زیاتری ڕۆژئاوا لە وڵاتانی ئیسلامی بۆ زاڵکردنی دەسەڵاتی سکۆلاریزم و نەتەوەپەرستی و بە دەسەڵات گەیشتنی حکومەتە دیکتاتۆرییەکان و بەسراوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ئەو ساڵانە لە ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ڕۆژئاوای ئاسیا تا باکوری ئەفریقا، ئەم ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە لاوازی و ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە جیهانی ئیسلام، بەستێنی کارەساتی داگیرکردنی فەڵەستینی دابین کرد و ئەمەش لە لایەن ڕەوتی ستەمکاری جیهانییەوە بە سەر جیهانی ئیسلامدا سەپێندرا.
هاوکاری بەرەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی جیهان لە گەڵ زایۆنیستەکان:
لەو قۆناغەدا هەر دوو بەرەی رۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە گەڵ سەرمایەدارانی زایۆنیست هاوکارییان کرد، بەریتانیا پیلانەکەی داڕشت و سەرمایەدارانی زایۆنیست بە پارە و چەک جێبەجێکردنیان لە ئەستۆ گرت و یەکێتی سۆڤییەت یەکەم وڵات بوو کە حکومەتی نایاسایی ئیسرائیلی بە فەرمی ناسی و ژمارەیەکی زۆری جولەکەکانی ناردە ئەوێ.
ڕژێمی داگیرکرا بەرهەمی ئەو دۆخەی جیهانی ئیسلام لە لایەکەوە، و ئەم پیلان و دەسدرێژی و هێرشەی ئەورووپییەکان لە لایەکی دیکەوە بوو.
گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز لە جیهانی ئەمڕۆ لە بەرژەوەندی جیهانی ئیسلامە:
ئەمڕۆ چیدی دۆخی جیهان وەک ئەو ڕۆژانە نییە، ئێمە دەبێت بەردەوام ئەم ڕاستییەمان لە بەرچاو بێت، ئەمڕۆ هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی جیهانی ئیسلام تووشی گۆڕانکاری بووە.
ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئەورووپا و ئەمریکا، لاوازی و کێشە بنەڕەتییەکان و هەروەها لاوازبوونی بنەما ئەخلاقییەکانی ڕۆژئاوای بۆ هەمووان ئاشکراتر کرد.
ڕووداوەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئەزموونی شکستخواردووی دەسەڵاتدارانی خۆویستی ئەو وڵاتە و هەروەها ئەزموونی شکستخواردووی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا و ئەورووپا و کێشە پەیوەندیدارەکانی، ئاڵۆزییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دواییە لە گرنگترین وڵاتانی ئەورووپی، هەموو پیشاندەری دەستپێکردنی ڕەوتی لاوازی و لەناوچوونی بەرەی رۆژئاوایە.
لە لایەکی دیکەوە، گەشەی هێزەکانی خۆڕاگری لە هەستیارترین ناوچەکانی جیهانی ئیسلام، بەهێزبوونی ئەوان لە ڕووی بەرگری و سەربازییەوە، وشیاری و بەهێزبوونی ئیرادەی گشتی لە گەلانی موسڵمان، گرنگیدانی زیاتر بە درووشمەکانی ئیسلام و قورئان، گەشەی سەربەخۆخوازی و پشت بەستن بە توانا خۆماڵییەکان لای گەلانی موسڵمان، هەموو ئەو نیشانە پیرۆزانەن کە مزگێنی داهاتوویەکی ڕوونتر دەدەن.
پێویستی یەکگرتنی وڵاتانی موسڵمان لە دۆسیەی قودس و فەڵەستین:
لەم داهاتووە پیرۆزەدا دەبێت یەکگرتوویی وڵاتانی موسڵمان ئامانجێکی گەورە و سەرەکی بێت و ئەمەش مسۆگەربوونی هێندە ئەستەم نییە. خاڵی گرنگ لەم یەکگرتنەدا دۆسیەی فەڵەستین و چارەنووسی قودسە. ئەمەش هەمان ڕاستییە کە دڵە ڕووناکەکەی ئیمام خومەینی (رحمە اللە علیە) ی بەرەو ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی قودس لە کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ڕێنمایی کرد.
یەکگرتنی موسڵمانان لە سەر دۆسیەی قودسی پیرۆز، خەونی دوژمنی زایۆنیستی و لایەنگرانی ئەمریکی و ئەورووپی ئەو ڕژێمەی شڵەژاندووە. پیلانی شکستخواردووی گرێبەستی سەدە و پاشان هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند حکومەتێکی لاوازی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی داگیرکار، هەوڵێکە لە پێناو دەربازبوون لەو خەونە ئاڵۆزە.
من بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە ئەم هەوڵانە بە ئامانج ناگات، ڕەوتی لاوازبوون و شکستی ڕژێمی زایۆنیستی دەستپێکردووە و ڕاناوەستێت.
هۆکارە چارەنووسسازەکانی داهاتوو:
بەردەوامی خۆڕاگری لە ناوچە داگیرکراوەکان و پاڵپشتی موسڵمانانی جیهان لە تێکۆشەرانی فەڵەستین:
دوو هۆکاری گرنگ، چارەنووسی داهاتوو دیاری دەکات: یەکەم – و گرنگتر – بەردەوامی خۆڕاگری لە ناوخۆی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و بەهێزترکردنی هێڵی تێکۆشان و شەهیدبوون، و دووەم، پاڵپشتی جیهانی حکومەتەکان و گەلانی موسڵمان لە سەر ئاستی جیهان لە تێکۆشەرانی فەڵەستینی.
هەموو – حکومەتەکان، ڕۆشنبیران، زانایانی ئائینی، حیزب و لایەنەکان، گەنجانی تێکۆشەر و چین و توێژەکانی دیکە – دەبێت پێگەی خۆیان لەم هەڵمەتە سەرتاسەرییە بە دەست بێننەوە و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. ئەمەش هەمان ئەو بابەتەیە کە شکست بە دوژمن دێنێت.
اَم یُریدونَ کَیدًا فَالَّذینَ کَـفَروا هُمُ المَکیدون. وَ اللهُ غالِبٌـ عَلیًّ اَمرِه؛ وَلـّْکِنَّ اَکـثَرَ النّاسِ لا یَعـلَمونَ./.