بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شو چون ڕاوێژکاری بازرگانی باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان چین و عێراق لە ساڵی 2020 گەیشتووەتە زیاتر لە 30 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2019، 53 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە و ئەم دابەزینەش زیاتر بە هۆی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانی نەوتەوە بووە.
ناوبراو وتی: هەناردەی چین بۆ عێراق لە ساڵی 2020 بە هۆی لێکەوتەکانی قەیرانی کۆرۆناوە دابەزی و بووە هۆی ئەوەی کە بە دابەزینی لە سەدا 15.5 بگاتە 10 ملیار و 924 ملیۆن دۆلار.
ڕاوێژکاری بازرگانی باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا ڕایگەیاند کە عێراق سێهەم وڵاتی هەناردەکاری نەوتە بۆ چین و هاوردەکەش لە سەدا 11 ی کۆی گشتی هاوردەی نەوتی چین لە وڵاتانی جیهان پێک دێنێت.
شو چون هەروەها وتی: کۆمپانیا چینییەکان لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوو لە کەرتی نەوتی عێراق وەبەرهێنانیان کردووە، یەکەم پرۆژەی وەبەرهێنانیش لە پاش ساڵی 2003 لە کێڵگەی نەوتی ئەحدەب بووە و سەرکەوتووانەش جێبەجێ کرا و هەروەها پرۆژەی یەکەم هێڵی بۆری نەوتیش لە لایەن کۆمپانیاکانی چینەوە جێبەجێ کراوە.
ئەو بەرپرسەی باڵیۆزخانەی چین وتی: کۆمپانیا چینییەکان لە عێراق نەک تەنیا یارمەتیدەری گەشەی ئابوری ئەم وڵاتە بوون بەڵکوو لە ڕووی باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵکیش هاوکارییان کردووە.
وتیشی کە ئەو کۆمپانیانە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاریان لە پرۆژە خێرخوازییەکانی وەک پەروەردە، ئاو و دابینکردنی زیاتر لە 40 هەزار هەلی کار بۆ عێراقییەکان بەکار هێناوە، هەروەها لە سەدا 88 ی کرێکارانی بەشدار لە پرۆژەی کۆمپانیا چینییەکان، عێراقین و بڕی یەک ملیار و 780 ملیۆن دۆلار باج لە لایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە بە حکومەتی عێراق دراوە.
ناوبراو وتی کە کۆمپانیاکانی چین لە کەرتی کارەبای عێراقیش بەشداری و چالاکییان هەبووە و کۆی گشتی دەسکەوتەکانیش لەم بوارەدا گەیشتووەتە 7 هەزار و 400 مێگا وات بە تایبەت لە وێستگەی واست کە لە لایەن کۆمپانیایەکی چینەوە بونیاد نراوە.
ڕاوێژکاری بازرگانی باڵیۆزخانەی چین لە کۆتاییدا وتی کە ئەو وێستگەیە لە سەدا 70 ی کارەبای پێویستی بەغدا و لە سەدا 30 ی کارەبای عێراق بە گشتی دابین دەکات./.