بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری ڕۆما وتی: ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە تایبەت لە نێوان ئێران و ئەمریکا یەک لەو کێشانەیە کە ڕوبەڕوی ئێمە بووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن کاریگەریی لە سەر دۆخی ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق داناوە.
فۆئاد حوسێن وتی: ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن ڕووی هێناوەتە وتووێژ و دانوستان لە گەڵ ئێران و ئەو دانوستانانە لە ڤیەننا دەستیپێکردووە، هەروەها لە دۆخێکی پێشبینی نەکراودا ئێران و سعوودیە لە بەغدا کۆبوونەوە و ئەمانەش پیشاندەری گۆڕانکارییە لە ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە بەغدا لەم گۆڕانکارییانەدا ڕۆڵی هەبووە، لە بەر ئەوەی کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر دۆخی عێراق هەبووە./.