بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەیوان کاشفی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و سوریا وتی: ئامارە بازرگانییەکانی حکومەتی سوریا پیشان دەدات کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ چین و هیندستان تووشی گۆڕانکاری نەبووە بەڵام ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئێران بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە.
ناوبراو سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی سوریا و تورکیا وتی: سەرەڕای بایکۆیکردنی کاڵای تورکیا لە لایەن سوریاوە، بەڵام بە هۆی سنورە هاوبەشەکان و قاچاخچێتی کە کۆنتڕۆڵیان بە دەستی حکومەتی دیمەشقەوە نییە، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە ساڵانە دەگاتە یەک ملیار دۆلار.
کاشفی وتی: هێشتا مەودایەکی زۆرمان بۆ گەیشتن بە ئاسۆی دیاریکراوی ئابوری و بازرگانی لە گەڵ سوریا ماوە و دەبێت پلانەکان جێبەجێ بکرێت تا ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە بەرزتر بکەینەوە، ئەڵبەت لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو هەنگاوی زۆر جیدی لەم بوارەدا هەڵگیراوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و سوریا بە ئاماژە بە باشترکردنی ژێرخانە بازرگانییەکان بۆ بازرگانیکردنی نێوان هەر دوو وڵات، وتی: لە چەندین بواری وەک گواستنەوە گەیشتووینەتە ئاستێکی خوازراو کە ئەڵبەت تورکیا بە هۆی دراوسێبوون بەراورد بە ئێران چەندین تایبەتمەندیی هەیە، ئێران سنوری هاوبەشی لە گەڵ سوریا نییە و لە سنورەکانی عێراقیش بە پێی پێویست کەڵکی وەرنەگرتووە.
کەیوان کاشفی وتی: گواستنەوەی کاڵا لە ڕێگای سنورە دەریاییەکانەوە کات و تێچووی زۆری دەوێت و ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و سوریا بەڵام بازرگانانی هەر دوو وڵات ئیرادەیەکی جیدییان بۆ پێشخستنی ئاڵوگۆڕەکان هەیە.
وتیشی کە سزا و گەمارۆکان گەشەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی خاو کردووەتەوە و بە هۆی گەمارۆکانەوە ئابوری سوریا بچووک بووەتەوە و هاوسەنگی بازرگانی ئەم وڵاتە لە 30 ملیارەوە گەیشتووەتە 5 ملیار دۆلار.
کاشفی بە ئاماژە بەوەی کە سوریا لە ڕووی وەبەرهێنانی ناوخۆییەوە وڵاتێکی بەهێزە، وتی: ئەم وڵاتە بۆ پاڵپشتی لە کەرتی وەبەرهێنانی ناوخۆیی هەندێک یاسای تایبەتی بۆ ڕێگری لە هاوردەکردنی هەندێک کاڵا و بەرهەمی بیانی هەیە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و سوریا وتی: ناردنی مادە سەرەتاییەکان، پۆڵا و بەرهەمەکانی پترۆکیمیا دەتوانێت ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ سوریا بەرز بکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە کەرتی وەبەرهێنانی سوریا پێویستی بە مادەی سەرەتایی هەیە و ئەمەش دەتوانێت یەکە وەبەرهێنەرەکانی ئەو وڵاتە بەسراوەی ئێران بکات و چەشنێک لە سەقامگیری لە هەناردەی ئێران ساڵانە بۆ سوریا ببینرێت.
ناوبراو هەروەها وتی کە هەناردەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانیش بۆ سوریا کاری لە سەر دەکرێت.
کەیوان کاشفی وتی: ساڵی ڕابردووی کۆچی هەتاوی هاوسەنگی بازرگانی نێوان ئێران و سوریا 170 ملیۆن دۆلار لە بەرژەوەندی ئێران بووە و ئەمساڵ ئەم ڕێژەیە دەگاتە 300 ملیۆن دۆلار و بەردەوامی ئەم ڕەوتەش لە ساڵانی داهاتوو دەتوانێت بازرگانیی ملیار دۆلاریی بە دواوە بێت.
وتیشی کە هاوردەی هەندێک کاڵای وەک مادە خۆراکییەکان و قوماشی سوریا دەتوانێت بازاڕی پێویستی لە ئێران هەبێت.
بە پێی ئامارەکانی گومرکی ئێران، لە ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی بە گشتی 145 ملیۆن و 700 هەزار تەن کاڵا بە بایەخی 73 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕ کراوە کە پشکی هەناردە 112 ملیۆن تەن بە بایەخی 34 ملیار و 254 ملیۆن دۆلار و پشکی هاوردە 34 ملیۆن و 400 هەزار تەن بە بایەخی 38 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە./.