بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم گۆڕەپانە 28 هێکتارییە دیمەنی زۆر جوانی هەیە. کاتێک دەگەیتە ئەم شوێنە، پەیکەری سەوز ڕەنگی کوڕێک دەبینیت کە نامەیەک دەخاتە نێو سندۆقی پۆستە و گەیاندن، ئێرە مۆزەخانەی پەیوەندییەکان و پۆستەیە و کەوتووەتە بەشی ڕاستی گۆڕەپانی مەشق. هەروەها لە بەشی ڕاستەوە بینایەکی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەبینرێت، بینایەک کە تەنیا شوێنی هاتووچۆی فەرمانبەرانی ئاسایی ئەو وەزارەتەیە. ئەم بینا مێژووە دەکرێت لە دەرەوەش ببینرێت کە چۆن بە شێوازی خشتی بونیاد نراوە.
دەستپێکردنی کردنەوەی گۆڕەپانی مەشق:
ئەم بینایە پێشتر بە ناوی کۆشکی شارەوانی بووە، سەر ئەستوونەکانی ئەم بینایە بە شێوازی بیناسازی سەردەمی هەخامەنشییەکان و قادرمەکانی وەبیرهێنەری کۆشکی ئاپادانایە. لەم بینایەدا لە شێوازی جوانکاری سەردەمە جیاجیاکان کەڵک وەرگیراوە، بە تایبەت سەردەمی قاجاڕییەکان، هەروەها لە بەشیکی دیکەش لە سەردەمی سەلجوقییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەندین بینای لەم شوێنەدا هەیە. تۆپی مرواریش لە بەشی بینای ڕۆژئاوای گۆڕەپانی مەشق نزیک لە یانەی ئەفسەران بووە. بۆ ماوەیەک تۆپی مرواری لێرەدا بووە. خەڵک وایان دەزانی کە ئەگەر دەستێک لە سەر ئەو تۆپە ڕابکێشن حەز و خولیاکانیان دێتەدی. بینایەکی دیکەی وەزارەتی دەرەوە بینایەکە کە شێوازی درووستکردنی هاوشێوەی کەعبەی زەردەشت لە ڕۆڵی ڕۆستەمدا بووە. وەزیری دەرەوەش لە هۆڵێکی جوانی ئەم بینایە پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.
گۆڕەپانی مەشق بە کۆنترین هێمای تاران دەزانن. لە ڕاستیدا ئێرە لە سەردەمی فەتحعەلی شای قاجاڕ کراوەتەوە و لە گەڵ کۆشکێکی جوان، بینای زانکۆی هونەر و مۆزەخانەکان، کۆمەڵەیەکی جوانی گەشتیاریی لە تاران پێکهێناوە.
فەتحعەلی شای قاجاڕ ئەم گۆڕەپانەی بۆ مەشق و ڕاهێنانی سەربازی کردەوە بەڵام لە قۆناغەکانی دواتر هەر کەسێک شتێکی لەم گۆڕەپانە زیاد کرد و بەرە بەرە گەورەتر بوو. گۆڕەپانێک کە تەنانەت شوێنی لەسێدارەدانی کەسانی ناسراوی وەک ئەسغەر بکوژ، میرزا ڕەزای کرمانی (بکوژەکەی ناسردەین شای قاجاڕ) و شێخ فەزلوڵڵای نوری لە کەسایەتییە ئائینییەکانی ئەو سەردەمە بووە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەمە تەنیا نازناوی گۆڕەپانێکی هەڵنەگرتووە بەڵکوو گۆڕەپانێکی گرنگ و جێی بایەخ بووە.
گۆڕەپانی مەشق، ئەو شوێنەی کە یەکەم فڕۆکەی تێدا نیشتەوە:
یەکەم فڕۆکەیەک کە لە ئێراندا بینرا، لە لایەن فڕۆکەوانێکی پۆڵۆنیایی بە ناوی کوزمینسکی لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی لەم گۆڕەپانەدا نیشتەوە و بەمەش گۆڕەپانی مەشق بووە یەکەم فڕۆکەخانەی ئێران. خەڵک لەو کاتەدا بۆ دیتنی فڕۆکەکە تا سێ ڕۆژ سەردانی شوێنەکەیان دەکرد.
لە قۆناغەکانی دواتریش چەندین کێبڕکێی وەک پاسکیلسواری، ماتۆڕسواری و یەکەم فڕینی بالۆن لەو ڕووداوانە بوون کە لەم گۆڕەپانەدا سرنجی خەڵکیان بە لای خۆیاندا ڕاکێشا.
لە ساڵانی 1307 تا 1312 ی کۆچی هەتاوی (1928 تا 1933) ئەم شوێنە بە هۆی گرنگیدان بە سەوزە و دارەکانەوە بووە باخی گشتی. پاش ئەوەی کە پرۆژەی یەکەم باخی گشتی لە زەوییەکانی نێو گۆڕەپانی مەشق جێبەجێ کرا، ناوی گۆڕەپانی مەشق بووە باخی گشتی یان هەمان باخی نیشتمانی. لە ئێستاشدا کۆلێژی هونەر بۆ بەشی باکوری بینای قەزاقخانە گواستراوەتەوە، بینایەک بە بە جوانی لەم کۆمەڵەیە زیاد کراوە. قەزاقخانەی گۆڕەپانی مەشق کۆنترین بینایە کە لە ساڵی 1280 کراوەتەوە.
ئەم بینایە لە یەکەم بیناکانی سەردەمی قاجاڕییەکانە، پاشان لە زەوییەکانی بەرامبەر چەندین بینای دیکە کرانەوە، وەک کۆشکی شارەوانی و بینای وەزارەتی دەرەوە و مۆزەخانەی ئێرانی کۆن، بینای قەزاقخانە کە تا چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕیزی بیناکانی سەر بە سوپادا بوو و بەم هۆیەوە وێنە و دیمەنەکانی سەردەمی قاجاڕەکان لە سەر دیوارەکانی پاک کرانەوە بەڵام دواتر زانکۆی هونەری تاران بیناکەی لە سوپا کڕی و بڕیارە لە سەر شێوازی کۆنی خۆی سەر لە نوێ بونیاد بنرێتەوە.
بینای قاجاڕیی قەزاقخانە یەکێک لەو بینایانەیە کە تێیدا کەڵک لە شێوازی بیناسازی ئێرانی و ئەورووپی وەرگیراوە و بە کۆنترین بینای ئیداریی شاری تاران لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی ئەم شارە هەژمار دەکرێت.
نوێترین بینای گۆڕەپانی مەشق:
مۆزەخانەی مەلیک نوێترین بینایەکە کە لە ساڵی 1375 ی کۆچی هەتاوی (1996) کراوەتەوە، ئەم مۆزەخانە و کتێبخانەکەی لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی حاجی حوسێنی مەلیک کە گەورەترین کەسی واقف یان بەخشندەی ئێران بووە، وەقف کراوە. لە ئێستادا ئەم مۆزەخانە و کتێبخانەیە لە لایەن دایرەی ئاستانی ڕەزەوی بەڕێوە دەبرێت و بە یەکێک لە گرنگترین مۆزەخانەکانی ئێران دادەنرێت.
گۆڕەپانی مەشق لە دەروازەی باخی گشتی لە نزیکەی شەقامی تۆپخانەی تاران دەست پێدەکات و ئەو لای دیکەی دەگاتە شەقامی سی تیر (پوشپەڕ) ، ئەو شەقامەی کە چەندین بینای مێژوویی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە. لە نێوان گۆڕەپانی مەشق و شەقامی سی تیر یان سی پوشپەڕ مۆزەخانە و کتێبخانەی مەلیک دەبینرێت و لە پشتەوەش مۆزەخانەی نیشتمانی ئێران سرنجی خەڵک ڕادەکێشێت.
گۆڕەپانی مەشق کە وەک گەورەترین و مێژوویی ترین گۆڕەپانی سەربازی تاران ناو دەبرێت پاش تاوەری توغرۆڵ و پێش تاوەری ئازادی وەک هێمای شاری تاران دەناسرا، ئەم ناوەندە بڕیار بوو کە شوێنی پێشوازی فەرمی لە بەرپرسانی باڵای سیاسی جیهان بێت کە سەردانی ئێران دەکەن و شوێنێک بۆ ناسینەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بێت. ئەم بینا مێژووییە لە ساڵی 1377 ی کۆچی هەتاوی (1998) لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە./.