دکتۆر سەنگەر سەیدقادر لێکۆڵەر لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس وتی: لە ماوەی ڕابردوو وڵاتانی عەرەبی دۆسیەی فەڵەستینیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێناوە و ئامانجیان مانەوە لە سەر کورسی دەسەڵات بووە لە بەرامبەر بێدەنگییان لە سەر تاوانەکانی ئیسرائیل بەڵام ئێران سەرەڕای ئەوەی کە هاوزمانی فەڵەستینییەکان نەبووە، لە ڕووی ئائینەوە برا و پاڵپشتی ئەوان بووە و دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی قودس و تەنانەت ناونانی فستیڤاڵێکی فیلمیش بە ناوی قودس بۆ زیندووهێشتنەوەی دۆسیەی فەڵەستین بە تایبەت لە ناخی ئێرانییەکاندا بووە.
ناوبراو سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی جیهانی ئیسلامیش لە سەر دۆسیەی فەڵەستین وتی: وڵاتانی ئیسلامی کێشەی گەورەیان خاوەن دەسەڵات و بەرپرسانە کە ئەگەرچی بە ناو موسڵمانن بەڵام دۆزی موسڵمانان کراوەتە باجی مانەوەیان لە دەسەڵات و هێندەی خزمەت بە ڕۆژئاوا دەکەن هێندە نوێنەرایەتی گەلەکانیان ناکەن، لە بەر ئەوەی کە لە بنەڕەتدا دەسەڵاتدارانی جیهانی ئیسلام هەڵقووڵاوی ئیرادە و خواستی گەلەکانیان نین بەڵکوو بە سەر گەلانی موسڵماندا سەپێندراون بۆ لاوازکردن و دابەشکردنی کۆمەڵگای موسڵمانان.
سەنگەر سەیدقادر لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا ئامانجی گرێبەستی سەدەی بۆ مسۆگەربوونی خەونەکەی ئیسرائیل بۆ دەستگرتن بە سەر ناوچەکانی نێوان ڕووباری نیل تا فۆرات لە نێوان وڵاتانی شام و عێراق گەڕاندەوە و وتی کە لە ئێستادا پرۆژەکە کاری لە سەر دەکرێت و لە ئاکامی گوشارەکانی ئەمریکا ژمارەیەک لەو وڵاتانەی کە پێشتر ئیسرائیلیان وەک دوژمن دەناسی، ئێستا پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تەل ئەبیب ئاسایی کردووەتەوە.
وتیشی کە سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بەشێک لە خاکی میسر و ئۆردن و لوبنان و سوریای داگیر کردووە و سنورەکەیی لە 50 ساڵی ڕابردوودا سێ هێندە بەرفراوانتر کردووە بەڵام دەسەڵاتدارانی عەرەب بە هۆی ترسیان لە کورسی دەسەڵات بێدەنگ بوون.
ئەم لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییە، قودسی بۆ موسڵمانان وەک ڕووگەی یەکەم و خاکی پیرۆزی پێغەمبەران ناو برد و وتی کە موسڵمانان هیوادارن ڕۆژێک بتوانن ئەو خاکە پیرۆزە بۆ باوەشی جیهانی ئیسلام بگەڕێننەوە.
ناوبراو وشیاری و ڕۆشنبیرکردنی نەوەی موسڵمانانی بە خاڵێکی گرنگ و پێویست ناو برد تا ببنە نەوەیەکی خاوەن ئیرادە و ئومێدی ئیسلامی و داکۆکی لە مافی گشتی موسڵمانان بکەن بە بێ جیاوازی نەتەوە و وڵات، لە بەر ئەوەی کە پەیامەکەی ئیسلام گشتگیر و بۆ سەرجەم مرۆڤایەتییە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد