قودس ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان و یەکێک لە شوێنە پیرۆزەکانی ئەوانە کە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە داگیر کراوە، هەر لە سەرەتاوە دوژمنان بە تایبەت ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی ئەوەیانداوە کە ئەم دۆسیەیە بە لای جیهانی ئیسلام و موسڵمانانەوە هێندە جێی گرنگی و بایەخ نەبێت. فەلسەفەی دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی قودس لە لایەن ڕێبەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ئەوە بووە کە ڕێگری لەم پیلانەی دوژمنانی ئیسلامەوە بکەن و قودس و فەڵەستین بەردەوام وەک کێشەی یەکەمی جیهانی ئیسلام بمێنێتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە ستراتیژی خۆیی سەبارەت بە فەڵەستین دیاری کرد. پاڵپشتی لە گەل و لایەنەکانی فەڵەستین و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی لە پێناو ئازادکردنی ئەو خاکە داگیرکراوە، بە تەنیاش لە پاش 42 ساڵ لەم ئامانجەی بەردەوام بووە و هیچ هەڕەشە و پیلانێکی دوژمنان لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە ڕێگری لە هەوڵەکانی ئێران و پاڵپشتی لە فەڵەستینییەکان بکات.
لە بەرامبەردا وڵاتانی عەرەبی چییان کردووە؟ دەسەڵاتدارانی لاواز و گوێڕایەڵی وڵاتانی عەرەبی لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی خۆیان وەک خزمەتکارێکی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەرکەوتوون، ئەوان بە سەروەت و سامانی وڵاتانی عەرەبی بوونەتە جێبەجێکاری پیلان و سیاسەتەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان لە دژی گەلی فەڵەستین.
دوایین نموونەی ئەم پیلانگێڕییەش بۆ گرێبەستی سەدە دەگەڕێتەوە. دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا وێڕای دۆشینی دۆلارە نەوتییەکانی سعوودیە و ئیمارات، ئەوانی وەک جێبەجێکاری سیاسەتەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین بەکار هێنا، ئیمارات و بەحرەین پشتیان لە دۆسیەی فەڵەستین کرد و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی تەل ئەبیب ئاسایی کردەوە، باس لە پەیوەندی ژێر بە ژێری سعوودیە بە تایبەت محەممەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتەش لە گەڵ زایۆنیستەکان دەکرێت، ترەمپ قودسی وەک پایتەختی ڕژێمی زایۆنیستی ناساند و بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکای بۆ ئەم شارە دەرکرد بەڵام وڵاتانی عەرەبی هیچیان لە بەرامبەر ئەم پیلان و زوڵمە ئاشکرایە بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان پێنەکرا.
بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا بە تەنیا لە بەرەی داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی فەڵەستین ماوەتەوە. بەردەوام پاڵپشتیی لە لایەنەکانی فەڵەستین کردووە، لە سەر ئاستی جیهانی ئیسلام و نێودەوڵەتیش تا ئێستا هەوڵی یەکڕیزی موسڵمانانی لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی داوە، لە ئاکامی ئەم پاڵپشتییە دەبینین کە هاوکێشەی هێز لە فەڵەستین هێندە گۆڕاوە کە گرووپە فەلەستینییەکان بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی هەڕەشە لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی.
ئەگەر لە ڕابردوودا لایەنەکانی فەڵەستین تەنیا بە هاویشتنی بەرد بەرگرییان لە خۆیان دەکرد ئێستا بە مووشەک و چەکی کاریگەر قووڵایی خاکی ئەو ڕژێمە دەکەنە ئامانج. ئەمڕۆ خۆڕاگری فەڵەستین بەو ئاستە گەیشتووە کە دەتوانێت لە بەرامبەر هەر تاوانێکی زایۆنیستەکان توندترین وەڵامیان بداتەوە، بێگومان ئەم دەسکەوتەش ئەنجامی پاڵپشتییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، لایەنەکانی فەڵەستین کاتێک هێزێکی ناوچەیی گەورەی وەک کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لە گەڵ خۆیان بینی، هێندە ورەیان بەرز بووەتەوە کە بە کردەوە ئەوەیان سەلماندووە هێزی سەربازی و بانگەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵائینی ئەوان شکستی هێناوە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین وەک نموونە./.