بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەزای سنوریی قەسری شیرین بە زیاتر لە 27 هەزار حەشیمەتەوە کەوتووەتە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان و بە هەبوونی 186 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لە گەڵ عێراق و 2 خاڵی سنوری خۆسرەوی و پەروێزخان یەکێک لە ناوچە ستراتیژییەکانی ئێرانە کە ڕۆڵی گەورەی لە ئابوری ئەم وڵاتەدا هەیە و لە هەلومەرجێکدا کە خاڵە سنورییەکان ناوە ناوە بە هۆی کۆرۆناوە دادەخرێن بەڵام ئەم دوو خاڵە سنورییە درێژە بە چالاکییەکانیان بە ڕێژەیەکی زۆری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانەوە دەدەن.
خاڵە سنورییەکانی خۆسرەوی و پەروێزخان لە سەر ڕێگای ئاوڕێشەم، نزیکترین ڕێگای پەیوەندییە بە عێراق و سوریاوە بە درێژایی 900 کیلۆمەتر بۆ وڵاتانی ئەورووپی کە لە سەدا 54 ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق تەنیا لە ڕێگای پەروێزخانەوە دەکرێت و لە چەند ساڵی ڕابردووش یەکێک لە خاڵە سنورییە گرنگەکانی هەناردە و بازرگانی ئێران بووە و زیاترین هەناردەی نانەوتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق لەم ڕێگایەوە بووە.
گەمارۆ زاڵمانەکانی دوژمن، گرانی، هەڵئاوسان، کێشە ئابورییەکان و ڕووداوە سرووشتییەکان لە ساڵانی ڕابردوو و تەنانەت قەیرانی کۆرۆنا هیچ یەک کاریگەریی لە سەر خاڵە سنورییەکانی ئەم قەزایە نەبووە و بە پێی ئامارەکان ڕێژەی کاڵای هەناردەکراو بە کێش و دۆلارەوە لەم خاڵە سنورییانە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
ترانزێتی سووتەمەنی، هەناردەی کاڵا و هاتووچۆی گەشتیار و هەبوونی گەورەترین تێرمیناڵی وشکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خاڵی سنوری خۆسرەوی، مسۆگەرکردنی زیاترین ڕێژەی هەناردەی نانەوتی بۆ عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، بوونی ناوچەی تایبەتی ئابوری لە نێوان پەروێزخان تا خۆسرەوی بەردەوام لە تایبەتمەندییەکانی قەسری شیرینە کە جەختی لە سەر هەبوونی پێوەرەکانی بوون بە ناوچەی ئازادی بازرگانی دەکردەوە.
هاوبەشی کەلتوری، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئائینی لە گەڵ عێراق و هەروەها بوونی ئاسایش و سەقامگیری کەم وێنە لەم ناوچە سنورییە لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی قەسری شیرینە کە ڕێگای بۆ پەسەندکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی کردەوە و لە پاش چوار ساڵ بەڵێنەکەی حکومەت بووە کردار و بە فەرمی ڕاگەێندرا.
قەسری شیرین کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەند قەیرانێکی گەورەی تێپەڕ کردووە و تووشی شەڕی سەپێندراوی عێراق، ئاوارەیی، لافاو، بوومەلەرزە، وشکەساڵی و ئێستاش کۆرۆنا بووەتەوە و دانیشتووانەکەی بەردەوام لە ڕێگای بەرگری لە نیشتمانی ئێران ئامادە بوون، داهاتوویەکی ڕوونتریان لە پێشە.
گەشەی ئابوری، باشترکردنی دۆخی ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە و پارێزگای کرماشان، ئامادەبوونی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی لە ناوچەکە لە ڕیزی ئەو هەنگاوە گرنگانەی داهاتوون کە چاوەڕێی قەسری شیرین دەکات.
داهاتوویەکی ڕوون بۆ دانیشتووانی ناوچەی سنوریی قەسری شیرین و ڕۆژئاوای کرماشان وەک شاڕێگای ئابوری و دەروازەی بازرگانی بۆ عێراق و هەروەها وڵاتانی ئەورووپی و ئامادەبوونی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە کەرتی ئابوری هەرێمی ڕۆژئاوای ئێران و بە تایبەت پارێزگای کرماشان بکات کە ئەمەش بەرهەمی گرنگیدانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بەم ناوچەیە.
ساڵی 2016 حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پرۆژەیەکی بۆ پەسەندکردنی هەشت ناوچەی ئازادی بازرگانی ڕەوانەی پەرلەمان کرد بەڵام بە هۆی تێبینییەکانی ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوورەوە ڕەوانەی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان کرایەوە و لە ئاکامدا ڕۆژی چوارشەممە 5 ی ئایار لە لایەن ئەم دامەزراوەیەوە قەسری شیرین وەک ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی پەسەند کرا و بە تەواوی ڕەزامەندیی لە سەر درا./.