فاروق عەلی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس، وتی: بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی قودس پیشان دەدات کە قودس تەنیا پەیوەست بە خەڵکی فەڵەستین و عەرەبەکانەوە نییە و کێشەی ڕەوای هەموو موسڵمانانە بە جیاوازی وڵات و نەتەوە و زمان و مەزهەبەوە.
ناوبراو جەختیکردەوە کە هەڵوێستەکەی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەوڵێک بوو بۆ زیندووهێشتنەوەی کێشەی فەڵەستین و یەکڕیزی نێوان موسڵمانان و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی داگیرکاری جولەکە لە لایەن جیهانی ئیسلامەوە بە گشتی.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ڕۆڵ و کاریگەری بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) لە دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس چۆن دەبینن؟
قودس و کێشەی فەڵەستین یەکێکە لەو ڕایەڵانەی کە سەرجەم موسڵمانان بە جیاوازی مەزهەب و نەتەوە و ڕای جیاوازەوە بە کێشەیەکی سەرەکی جیهانی ئیسلامی دەبینن، ئەو هەڵوێستەی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش هەوڵێک بوو بۆ زیندووهێشتنەوەی کێشەی فەڵەستین و یەکڕیزی نێوان موسڵمانان و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی داگیرکاری جولەکە لە لایەن جیهانی ئیسلامەوە بە گشتی. ئەگەر موسڵمانان یەکڕیزی و وشیاری خۆیان نەپارێزن، بە لەدەستدانی فەڵەستین جیهانی ئیسلام ڕوبەڕوی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە، هەر بۆیە پێویستە هەوڵەکان لە دژی داگیرکارانی زایۆنیست بەردەوام بێت تا خاکی فەڵەستین بکەوێتەوە دەستی خاوەنە ڕاستەقینەکانی خۆی.
ئەم بڕیارە تا چەندە دۆسیەی فەڵەستینی بە زیندوویی هێشتووەتەوە؟
دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس هۆکارێک بووە بۆ زیندووهێشتنەوەی کێشەی فەڵەستین بە تایبەت لە مانگێکدا کە موسڵمانان تێیدا بە ڕۆژوون و بە یەکڕیزی و تەباییەوە لە نێو یەکتر ئەو یادە بەرز ڕادەگرن کە قودس و خاکی فەڵەستین تەنیا پەیوەست بە خەڵکی فەڵەستین و عەرەبەکانەوە نییە و کێشەی ڕەوای هەموو موسڵمانانە بە جیاوازی وڵات و نەتەوە و زمان و مەزهەبەوە.
هۆی پەرتەوازەیی وڵاتانی ئیسلامی لە سەر داکۆکی لە مافی گەلی فەڵەستین چییە؟
بە داخەوە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی زۆربەیان لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتە دیکتاتۆرانەکەی خۆیان بووەنەتە ئامرازی دەستی وڵاتانی ڕۆژئاوا و پارە و سەروەت و سامانی وڵاتی خۆیان بۆ مانەوەیان ڕادەستی ئەو وڵاتانە کردووە، هەر بۆیە گرنگی بە خاکی داگیرکراو نادەن و لە سەریشی بێدەنگن. دەبینین کە حکەمەتە عەرەبییەکان نەک تەنیا پاڵپشتی لە فەڵەستین ناکەن بەڵکوو لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کەوتوونەتە دانوستان و پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردووەتەوە، ئەم دۆخەش هۆکارەکەی تەنیا بۆ پەرتەوازەیی موسڵمانان و نەبوونی تەبایی لە نێوانیان دەگەڕێتەوە.
ئەرکی موسڵمانان لە دژایەتی پیلانگێڕی گرێبەستی سەدە وەک هەوڵێکی دوژمنان بۆ لەناوبردنی مافی گەلی فەڵەستین لە ئێستادا چۆنە؟
ئەرکی موسڵمانان لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکانی داگیرکارانی خاکی فەڵەستین، زیندووڕاگرتنی کێشەی ڕەوای فەڵەستینە، هەروەها دژایەتیکردن و ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاران، تەبایی و یەکڕیزی نێوان موسڵمانان، ڕەتکردنەوەی پیلانی گرێبەستی سەدە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئیسلامی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد