لەم ماوەیەدا چەندین ڕووداوی گرنگ لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بینراوە، لە تەقینەوەی ناوەندی پیشەسازی سەربازی ڕژێمی زایۆنیستی و هێرشە مووشەکییەکەی سوریا بۆ نزیک وێستگەی ناوەکی دیمۆنا تا ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەی نەوتی بەندەری حەیفا، تەقینەوەی گازی ئامۆنیاک لەم بەندەرە، ڕووخانی پردێک و ئاگرکەوتنەوە لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆنی تەل ئەبیب و بەم دواییانەش تەقینەوە لە شارۆچکەی زایۆنیست نشینی بنیامین.
هەندێک پێیان وایە کە ئەم ڕووداوانە بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە بووە بەڵام بە بۆچوونی هەندێکی دیکە ڕەنگە لە پشتەوەی ئەم ڕووداوانە شتێکی دیکە بێت و لە ناوخۆی ناوچە داگیرکراوەکان واتە لە لایەن خۆڕاگری فەڵەستینەوە یان لە دەرەوە وەک حیزبووڵا و تەنانەت ئێران لە ڕێگای هێرشی ئەلکترۆنییەوە بێت.
ئەم هەموو ڕووداوە لە ماوەی دوو هەفتەدا هێندە بابەتێکی ئاسایی نییە، ئەم ڕووداوانەی کە لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.
ڕەنگە بەردەوامی ئەم ڕووداوانە لە وڵاتانی جیهانی سێهەم بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی کە بەردەوام بە هۆی لاوازبوونی سیستەمە دیکتاتۆرییەکانەوە زیانیان پێدەگات، بابەتێکی ئاسایی بێت بەڵام بەرپرسانی زایۆنیست بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل دەسەڵاتێکی بەهێز و دەوڵەمەند و پێشکەوتووە لە ناوچەکە، هەر بۆیە نابێت بەردەوامی ئەم ڕووداوانە بە ئاسایی بزانێت.
ئەڵبەت لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە کە باس لە لاوازی و خەراپی سیستەمی بەرگری ئاسمانی زایۆنیستەکان بکەین، ئەو سیستەمەی کە بەردەوام شانازی پێوە دەکەن بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە مووشەکەکەی سوریا لە چەند کیلۆمەتری وێستگەی ناوەکی دیمۆنا تێک بشکێنێت یان ڕێگری لەو هەموو هێرشە ڕۆکێتییە بکات کە لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان دەکرێت.
بابەتی گرنگ بەردەوامی ئەم هەموو ڕووداوەیە کە لەم ماوەیەدا زایۆنیستەکان و بە تایبەت بەرپرسانی ئەو ڕژێمەی شڵەژاندووە.
ئەگەری ئەوەی کە گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین یان حیزبووڵا و ڕەنگە ئێرانیش لە چوارچێوەی وەڵامی تۆڵەسەندنەوە، دەستیان لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە بێت، لە ئارادایە کە بە شێوازی ئەلکترۆنی ئەو هێرشانە دەکەن. ئەڵبەت پێشتریش سەبارەت بە هێرشی ئەلکترۆنی ئێران لە دژی ژێرخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەندێک زانیاری بڵاو بووەتەوە و ئیسرائیلییەکانیش لەم بوارەدا تارانیان تۆمەتبار کردووە.
لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەی ئێستا زایۆنیستەکان هیچ هەواڵ و زانیارییەکی ڕاست و درووست لە سەر ڕووداوەکان بڵاو ناکەنەوە. ڕووداوەکانی ئێستا لە کاتێکدایە کە ڕژێمی زایۆنیستی کەوتووەتە قەیرانێکی گەورەی سیاسی و هێشتا کابینەی نوێی ئەو ڕژێمە پێکنەهاتووە و ئەگەری ئەوەش هەیە کە پێنجەم هەڵبژاردن بەڕێوە بێت، هاوکات نیگەرانی گەڕانەوەی ئەمریکاش بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی، کێشەکانی تەل ئەبیبی زیاتر کردووە.
لەم نێوەندەدا نووسەران و شارەزایانی زایۆنیست ئامۆژگاری ئەوەیانکردووە کە دانیشتووانی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان بەرەو ئەمریکا، ئەورووپا و کەنەدا کۆچ بکەن، لە بەر ئەوەی کە کابینە و کۆمەڵگای زایۆنیستی بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات و دیار نییە ئەم دۆخە تا کەی بەردەوام بێت.
سەرچاوە: رای الیوم / وەرگێڕان: جام کوردی