بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی کە پاش کشانەوەی هێزەکانیشمان لە ئەفغانستان دەمێنینەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە ماوەی 20 ساڵە کە لە ئەفغانستانین، بۆ لێدانی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی 11 ی سپتمبێر چووینەتە ئەو وڵاتە و ئەو کارەشمان کردووە.
بلینکەن وتی: ئەوەی کە هێزەکانمان لە ئەفغانستان دەکشێنەوە بە واتای ئەوەی نییە کە ئەو وڵاتە بە تەواوی بە جێ دێڵین.
وتیشی کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان درێژە بە چالاکییەکانی دەدات و واشنتن لە هاوکارییە ئابوری و مرۆڤدۆستانەکانی بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە ئایا تاڵیبان توانای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستانی هەیە یان نە؟ وتی: ئێمە دەبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر سیناریۆ و ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادە بین./.