مەحمود محەممەد ئەمین شرۆڤەکاری سیاسی هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس و دۆسیەی فەڵەستین، وتی: بە لای موسڵمانانەوە فەڵەستین کێشەی یەکەمی جیهانی ئیسلامە، گرنگییەکەشی ئەوەیە کە قودس ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان بووە، هەروەها شوێنی مێعراجی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) بووە، شوێنی کۆچی دوایی ژمارەیەکی زۆر لە پێغەمبەرەکانی خودایە، هەر بۆیە لە ڕووی ئائینییەوە قودس بە شوێنێکی زۆر پیرۆز بۆ موسڵمانانی جیهان دادەنرێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: گرنگی و پێگەی قودس وایکردووە کە موسڵمانان ئەوەیان وەک بەرنامە و نەخشەی خۆیان داناوە کە تا هەتا هەتایی لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیدا بێت و ئێستا کە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە داگیر کراوە، پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە و یەکڕیزی ئیسلامی بۆ ئازادکردنی هەیە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) بۆ دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس کە لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەلی ئێران دەرکرا، بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی بوو، ئەو بڕیارەش نەک تەنیا لای موسڵمانانی شێعە، بەڵکوو لای سوننە مەزهەبەکانیش جێی گرنگی و بایەخ بوو و لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانی قودس ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و ڕێکخراو و حیزب و لایەنە ئیسلامییەکانی سوننەش بەشدارییان تێدا دەکرد، بڕیارەکەی ڕێبەر و دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی بە هۆی پێگەی ئێرانەوە وایکرد کە موسڵمانان هیوایان بە جوڵانەوەیەکی نوێ بۆ ئازادی قودس و خاکی فەڵەستین هەبێت.
مەحمود محەممەد ئەمین سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی جیهانی ئیسلامیش وتی: وڵاتە زلهێزەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کاریگەرییەکانی ڕۆژی قودس کەڵکیان لە پەرتەوازەیی و خاڵی لاوازی موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی وەرگرت و پاشان هەست بەوە دەکرا کە لای وڵاتانی ئیسلامیش ڕۆژی جیهانی قودس بە سیاسی کراوە و بە پێی پێویست کاری بۆ نەکراوە و بە تایبەت لەم ساڵانەی ڕابردوو وەک سەرەتاکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەوڵی بۆ نەدراوە و زیاتر وەک بۆنەیەک سەیر کراوە.
ناوبراو وتی: دەکرێت دۆسیەی فەڵەستین خاڵی یەکڕیزی موسڵمانان بە سوننە و شێعەوە بێت، چاوەڕوانیش لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت کە بۆ مسۆگەربوونی ئەم ئامانجە هەنگاوی زیاتر بنێت، لە بەر ئەوەی کە زۆربەی حکومەتەکانی وڵاتانی سوننەمەزهەب بێ دەسەڵات و بەکرێگیراون و ئیرادەیان بە دەستی خۆیان نەبووە و تەنانەت ئێستاش خەراپتر بووە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە لە کۆتاییدا وتی: دەبێت هەڵە و کەموکورتییەکان سەبارەت بە دۆسیەی فەڵەستین چارەسەر بکرێت و بۆ ئازادی قودس و فەڵەستین هیوایەک بۆ موسڵمانان بە گشتی بگەڕێننەوە و ڕۆژی جیهانی قودس لە چوارچێوەی مەزهەبی بهێنرێتە دەرەوە و ساڵانە بکرێتە هەنگاوێکی کرداری، دەکرێت قودس بە کرداری بکرێتە خاڵی یەکخستنی لایەنە فەڵەستینییەکان و یەکڕیزی گەلان و وڵاتانی ئیسلامی لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد